بەشێکی نوێ لە نەخۆشخانەى هەولێرى فێرکارى کرایەوە

لە نەخۆشخانەی هەولێری فێركاری (كۆماری) بەشی ڕاوێژكاری (نەشتەرگەری ڕوو و شەویلاگ و چاندنی ددان) كرایەوە و كەوتە خزمەت هاووڵاتییانەوە.

ئەمڕۆ دووشەممە 3ی 3ی 2025، پارێزگای هەولێر ڕایگەیاند: “بە ئامادەبوونى ئومێد خۆشناو، پارێزگارى هەولێر و د. دلۆڤان محەممەد فاتیح، بەڕێوەبەرى گشتیى تەندروستى هەولێر و ژمارەیەکى تر لە بەرێوەبەر و پزیشک و کارمەندان، لە ڕێورەسمێکدا بە گۆژمەى (43 ملیۆن و 496 هەزار دینار) لە سەر بودجەى پارێزگاى هەولێر، بەشى ڕاوێژکارى (نەشتەرگەرى ڕوو و شەویلاگ و چاندنى ددان) لە نەخۆشخانەى هەولێرى فێرکارى (کۆمارى) کرایەوە.”

ئاماژەی بەوەش داوە، كە ئەو پڕۆژەی بەشی ڕاوێژكاری لە هۆڵی پێشوازی، دوو ژووری پشكنین، ژووری تیشك، كۆگا، دوو ژووری دیكەی نەشتەرگەری و چوار كورسی ددان و ژووری بەڕێوەبەری بەش پێك هاتووە.

پارێزگای هەولێر ئەوەشی خستووەتە ڕوو، كە “نەخۆشخانەى هەولێری فێرکاری لە پێشتر و لە ئیستاشدا یەکێکە لە نەخۆشخانە گرنگ و دێرینەکانى شار، کە لە هەموو بوارەکانیدا هاووڵاتییەکى زۆر سەردانى دەکەن و سەرجەم بەشەکانیشى لە پڕۆسەی فێرکارى قوتابیانى کۆلێژە پزیشکییەکانن.”

ھەواڵی زیاتر