لە کۆگایەکی سلێمانی دەست بەسەر 60 تۆن گۆشتی بەسەرچوودا دەگیرێت

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی دەڵێت، دەستیان بەسەر 60 تۆن گۆشتی بەستوودا گرتووە و 20 تۆنیان لە نێوبردووە. دەشڵێت، داوایان کردووە 40 تۆنەکەی دیکەش لە نێوببرێن، چونکە لە پشکنین دەرنەچوون.

ئەمڕۆ یەکشەممە 2ی ئاداری 2025، گۆران قادر، سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی رایگەیاند: “لیژنەکانمان لە گەڕان و پشکنین بەردەوامن. لە شاری سلێمانی سەردانی کۆگایەکمان کردووە کە دوو جۆر گۆشتی تێدایە. گۆشتی بەستووی هاوردە و کەلەشی ئاژەڵی بچووکی بەستوو.”

سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی ئاماژەی بەوەدا کۆگاکە نزیکەی 20 تۆن گۆشتی بەستووی ماوە بەسەرچووی تێدابووە و لە نێویان بردووە.

سەبارەت بە 40 تۆنەکەی دیکە، گۆران قادر گوتی: “براون بۆ پشکنین و دەرنەچوون. بەشێکیان دووبارە پشکنینی بۆ کراوەتەوە و دیسان لە پشکنین دەرنەچوون. بۆیە پێشنیازمان کردووە، ئەو بڕە گۆشتەیش لەنێوببرێت.”

بە گوتەی سەرۆکی لیژنە هاوبەشەکانی قایمقامیەتی سلێمانی، ئەو گۆشتەی نێو کۆگاکە هێشتا نەبرابووە بازاڕ و هیچی لێ نەفرۆشراوە.

ھەواڵی زیاتر