هەر زوو دوای بڵاوکردنەوەی پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە بۆ چەکدانان و هەڵوەشانەوەی پەکەکە، ژمارەیەک وڵاتانی جیهان پێشوازییان لە پەیامەکە کرد و پێیان وابوو سەرەتایی کۆتایی هاتنی ئاڵۆزییەکانی ناوچەکەیە.
بەریتانیا پێشوازیی لە بانگەوازی عەبدولڵا ئۆجەلان بۆ چەکدانان و هەڵوەشاندندوەی پەکەکە دەکات و پشتیوانی خۆشی بۆ پرۆسەی ئاشتی دەردەبڕێت.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا ڕایدەگەیەنێت، ئێمە پێشوازیی لە بەرەوپێشچوونی ئاشتی و ئاسایش بۆ خەڵکی تورکیا دەکەین کە هاوپەیمانێکی نزیکی ناتۆ و هاوبەشێکی لەمێژینەی دژی تیرۆرە، وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا دووپاتیشی دەکاتەوە، هەموو لایەک هان دەدەین لە پرۆسەیەکی ئاشتییانە و بونیاتنەرانەدا بەشداربن بۆ دەستەبەرکردنی ئاسایش، هەروەها سەقامگیری و ڕێزگرتن لە سەروەری یاسا، ئاماژە بەوەش دەکات، بەریتانا پابەندە بە پشتیوانی کردنی هەنگاوەکان بۆ کەمکردنەوەی ململانێ و پەرەپێدانی سەقامگیری لە تورکیا و ناوچەکە بەگشتی.
هاوکات کۆشکی سپی ڕایگەیاند: پەیامەکەی ئۆجەلان گرنگە و دەخوازن ببێتە هۆکارێکی ئارامکەرەوەی هاوپەیمانە تورکەکانمان، برایان هویس، گوتەبێژی ئەنجوومەنی ئاسایشی کۆشکی سپی ئاماژەی بەوە کرد، پەیامەکەی ئۆجەلان سەبارەت بە چەکدانانی پەکەکە بە پێشهاتێکی گرنگ دەزانین، گوتی: هیوادارین ئەو پەیامە ئارامکەرەوەی هاوپەیمانە تورکەکانمان بێت و یارمەتیدەر بێت بۆ سەرنج خستنە سەر شەڕی داعش لە باکووری سووریا، گوتەبێژی کۆشکی سپی باس لەوەش دەکات، پەیامەکەی ئۆجەلان یارمەتیدەر دەبێت بۆ هێنانە کایەی سەقامگیری بۆ ئەو ناوچە پڕ کێشەیە.
ئەنتۆ گۆتێرێس، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ڕایگەیاند: پەیامەکەی عەبولڵا ئۆجەلان تروسکەی هیوایە و دەبێتە هۆکاری چارەسەرکردنی کێشە و ململانێکان، ئاماژەی بەوەش داوە پەیامەکەی ئۆجەلان بەرەوپێشچوونێکی گرنگە و پێشوازیی لیدەکەن.
هاوکات وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ڕایگەیاند: کۆتایی هێنان بە توندوتیژی هەنگاوێکی گرنگە، بەڵام پێویستە هەنگاوی زیاتر بۆ ئەو مەبەستە بنرێت، هاوکات مافە کلتووری و دیموکراتییەکانی کورد لە تورکیا دەستەبەر بکرێت، وەزارەتی دەرەوەی ئەڵمانیا ئاماژەی بەوەشدا، پەیامەکەی عەبدولڵا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پەکەکە دەرفەتێکی مێژووییە بۆ کۆتاییهێنان بە گرژی و ململانێکان، دەشڵێت: ئەوەی پێیان بکرێت بۆ پشتیوانی کردنی پرۆسەی ئاشتی ئەنجامی دەدەن.
پێنجشەممە 27ـی شوباتی 2025، لە کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانیدا، شاندی ئیمڕاڵی پەیامی ئۆجەلانیان بە هەردوو زمانی کوردی و تورکی خوێندەوە.
ئەحمەد تورک، سەرۆکی لەکارلادراوی گەورە شارەوانیی مێردین، پەیامی ئۆجەلانی خوێندەوە و تێیدا هاتبوو، پەکەکە کاتێک دامەزرا کە ڕێگەی دیموکراسی گیرابوو، هەروەها پێویستە زمانی ئاشتی و دیموکراسی پێش بخرێت.
لە بەشێکی دیکەی پەیامەکەدا هاتبوو، پێویستە پەکەکە چەک دابنێت و خۆی هەڵوەشێنتەوە و کۆنگرە ببەستێت.