پێنجشەممە، 27ـی شوباتی 2025، کۆبوونەوەیەکی تایبەت لە پارێزگاى هەولێر، بەسەرپەرشتیی ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر، سەبارەت بەهاتنى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان و نرخى کەلو پەلو کاڵا و پێداویستییەکانى هاووڵاتییان کرا.
لە کۆبوونەوەکەدا، پارێزگارى هەولێر جەختى لە توندکردنى چاودێریی بازاڕ و نرخی کەلو پەلو پێداویستییەکانی هاووڵاتییان لە هەموو شوێنەکان کردەوە و بۆ ئەو مەبەستەش ئەو بڕیارانەى دا.
– لیژنەی قائیمقامیەتەکان، بازرگانى، شارەوانى، تەندروستى، و لایەنەکانى دیکەى پەیوەندیدار، بەردەوام بن لە چاودێریی بازاڕ و نرخ و کەلوپەل و پێداویستیی هاووڵاتییان.
– نابێت ڕێگە بە هیچ کەسێک بدرێت، مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، بقۆزێتەوە و یاریی بە بازاڕ بکات، هەروەها نرخی خۆراک و کەلوپەل و پێداویستی لەسەر هاووڵاتییان گران بکات.
– ڕێکارى یاسایی بەرامبەر هەموو ئەو کەس و لایەنانە بگیرێتەبەر، کە یارىی بەبازاڕ دەکەن و نرخی خۆراک و پێداویستی لە سەر هاووڵاتییان زیاد دەکەن.
– لە پێناو پاراستن و سەلامەتىی گیانى هاووڵاتیان و ڕێگەگرتن لە ساخکردنەوەی خۆراکی ماوه بەسەرچوو و بێکوالێتی، هەڵمەتى لیژنەکان و بەدواداچوون و پشکنین بۆ کۆگاکانى خۆراک، دەرمان، مۆڵ، مارکێت و شوێنەکانى ترى هاوشێوەیان لەناو شار و دەرەوەى شار بەردەوام بێت.
– لە بازگەکاندا چاودێرىی تووند بکرێت و ڕێگە نەدرێت خۆراک و کەلوپەلى ماوە بەسەرچوو هاوردەى سنوورى پارێزگاى هەولێر بکرێت.
– تیمەکانى شارەوانى لە ڕێکخستنى بازاڕ و چاودێریى شوێنە گشتییەکان و پاککردنەوەى بەردەوامى نێو بازاڕ و شوێنە گشتییەکان بەردەوام بن.
– ڕێکخستنى خشتەى مۆلیدە ئەهلییەکان و کارەباى نیشتیمانى، دەبێت لە کاتى بەربانگ و پارشیواندا کارەبا بە هاووڵاتییان بدرێت.
– کوشتارگەى هاوچەرخى هەولێر و ڤێتەرنەرى بە هاوبەشى لەگەڵ لیژنە و لایەنە پەیوەندیدارەکان، وەکو ساڵان ڕێوشوێنى پێویست بگرنەبەر.
– ئامادەباشیی هێزەکانی پۆلیس، ئاسایش و گرتنەبەرى ڕێکارێکى پێویست لە شوێنە گشتییەکان، بە تایبەتى لە شەوانى مانگى پیرۆزى ڕەمەزان، لە پێناو پاراستنى ئارامى و ئاسایشى شار و سەر و ماڵى هاووڵاتییان.
– کردنەوەى بازاڕى شەوانى ڕەمەزان لە سەنتەرى شار لەلایەن سەرۆکایەتىی شارەوانیى هەولێر، لەڕووى ڕێکخستن و ڕێکارەکانى بە باشى وبەبێ کەم و کوڕى بەڕێوە ببرێت.
– تەنها لە (10) شەوی كۆتایی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی، تەنها پێش نوێژ و وتارخوێنی فەرمیی مزگەوتیش بۆیان هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بکەن، بەپێچەوانەوە هیچ كەسێكى تر بۆی نییە چالاكی بکات.
– لە مانگى پیرۆزى ڕەمەزان دەوامی فەرمی لە دام و دەزگا و فەرمانگەكانی حكوومەت لە سنوورى پارێزگاى هەولێر بۆ ماوەی یەك كاتژمێر كەم بكرێتەوە.