سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی دەڵێت، شاندێکی وەزارەتەکە بەڕێکەوتوون بۆ بەغدا و لیستی مووچەی مانگی شوباتیان بردووە.
رۆژی چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، “کارکردن لە لیستی مووچەی مانگی دوو تەواو بوو، لەلایەن شاندێکی وەزارەتی دارایی لیستەکە بۆ بەغدا بردراوە.”
ئەو سەرچاوەیە گوتی، “شاندەکە تا سبەی لەوێ دەمێنێتەوە و هەندێک رێکاری کارگێڕی جێبەجێ دەکەن و دواتر دەگەڕێنەوە.”
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیە، “لیستەکە لە بەغداش هەندێک رێکاری پێویستە، دوای تەواوبوونی رێکارەکان راستەوخۆ مووچەی ئەم مانگە بۆ هەرێمی کوردستان دەنێردرێت و دەست بە دابەشکردنی دەکرێت.”
03ـی ئەم مانگە، تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق، نووسراوێکی بۆ نوێنەرایەتیی حکومەتی هەرێمی کوردستان نارد، تێیدا سێ داواکاری لە هەرێمی کوردستان کرد، کە ئەمانەی خوارەوەن:
1- پێدانی نووسراوی پارەدارکردنی مووچەی مانگی کانوونی دووەمی 2025ی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان.
2- تەواوکردنی ناردنی داتای تایبەت بە بەجێکردن “تەوتین”ـی فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان، بەگوێرەی ئەو میکانیزمەی کە لە بڕیاری دادگەی باڵای فیدراڵی دانراوە.
3- ناردنی داهاتی نانەوتی مانگی کانوونی دووەمی 2025 بۆسەر ئەو هەژمارەی کردوویانەتەوە لە بانکی ناوەندیی عێراق بە ژمارە (70018).
دابەشكردنی مووچەی مانگی یەکی ئەم ساڵ، پێنجی ئەم مانگە دەستیپێکرد و 10ـی مانگ کۆتایی بە دابەشکردنی هات، بەڵام تاوەکو ئەمڕۆ مووچەی مانگی 12ـی ساڵی رابردوو دابەش نەکراوە.