وەزارەتی ئەوقاف 10 رێنمایی تایبەت بە مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە

وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی ژمارەیەک ڕێنمایی بۆ مانگی رەمەزان بڵاوکردەوە، ڕایگەیاندووە: دیاریکردنی یەکەم ڕۆژی مانگی رەمەزان لە دەسەڵاتی لیژنەی بینینی مانگە.

چوارشەممە، 26ـی شوباتی 2025، وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی هەرێمی کوردستان ژمارەیەک ڕێنمایی تایبەت بە مانگی رەمەزانی بڵاوکردەوە و تێیدا هاتووە، پێویستە پابەندی تەواو بە ئیمساک و خشتەکانی بانگدان، لەسەرجەم مزگەوتەکانی هەرێمی کوردستان و سەرجەم دەزگاکانی ڕاگەیاندن، بە بینراو و بیستراو بکرێت.

دەقی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف و کارووباری ئایینی

یەکەم: دیاریكردنی یەكەم ڕۆژو كۆتا ڕۆژی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز تەنیا لە دەسەڵاتی لیژنەی باڵای بینینی مانگە لە وەزارەتی ئەوقاف دەبێت.

دووەم: پابەندبوونی تەواو بە ئیمساكیە و خشتەكانی كاتی بانگدان لەسەرجەم مزگەوتەكانی هەرێمی كوردستان و سەرجەم دەزگاكانی ڕاگەیاندن،بینراو، بیستراو.

سێیەم: وتارەكانی دوای عەسر بە لەبەرچاوگرتنی دۆخی گشتی ڕۆژووەوان لە 20 خولەك زیاتر نەبێت، تەنها لەلایەن مامۆستای مزگەوت پێشكەش بكرێت، بەبەكارهێنانی میكرۆفۆنی ناوخۆیی مزگەوت، وە لەم ووتارانە مامۆستای مزگەوت تیشك دەخاتە سەر بابەتەكانی ئەحكام و عیبادات و معاملات و بابەتی پەروەردەیی هۆشیاری هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی ماددە هۆشبەرەكان، كاریگەری كارەكتەرە عەقلیەكان، پێكەوەژیان.

چوارەم: ماوەی نێوان ئیمساك و بانگدانی بەیانی بەپێی خشتەی ئیمساكیەی پارێزگاكەوە دەبێت بەهیچ شێوەیەك نابێت بەپێچەوانەوە بێت.

 پێنجەم: تەنها لە10 شەوە كۆتاییەكانی مانگی ڕەمەزانی پیرۆز دەرگای مزگەوتەكان كراوە دەبن تا نوێژی بەیانی بەمەرجێك ڕەزامەندی پێش نوێژو ووتارخوێنی مزگەوت.

شەشەم: تەنها پێش نوێژو وتارخوێنی فەرمی مزگەوت بۆی هەیە مەراسیمە ئایینیەكان و تەراویح بەتایبەتی ئەنجام بدات بەپێچەوانەوە هیچ كەسێك بۆی نیە چالاكی ئەنجام بدات.

حەوتەم: پابەندی تەواو بە فەتوای دیاریكردنی نیسابی زەكات و بڕی سەرفیترە و فیدیە، كە لەلایەن ئەنجومەنی باڵای فەتوای یەكێتی زانایانی ئایینی ئیسلامیی كوردستانەوە دیاری دەكرێت..

هەشتەم: پاش بانگدانی شەوان عیشا لەدوای 15بۆ 20 خولەك دواتر نوێژ ئەنجام دەدرێت، لەبەر بارودۆخی ڕۆژووەوان، ڕەچاوی كاتی گونجاو بكرێت لە درێژی و كورتی تەراویح، كە لەسەر بنەمای شەرعی ئەنجام بدرێت. 

نۆیەم: بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكان و بەڕێوەبەرایەتییەكانی ئەوقاف چاودێری جێ بەجێكردنی ئەم ڕێنماییانە دەكەن.  

دەیەم: پابەندبوون بەبانگی ڕێكخراو لەو شوێنانەی كە پڕۆژەی بانگی تێدا جێ بەجێكراوە.                                     

ھەواڵی زیاتر