ڕاگەیەنراوێک لە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆرانەوە:
بەشی ناوشاری بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران (٥) تۆمەتبار دەستگیر دەکات.
لەسەر چەند سکاڵایەکی هاووڵاتیان و دوای بەدواداچوون و چاودێری و دەستنیشانکردنی شوێنەکانیان و دەرچوونی فەرمانی دەستگیرکردنیان لەلایەن بەرێز دادوەری لێکۆلینەوەی سۆران،
بەرێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران ـ بەشی ناوشار توانیان (٥) پێنج تۆمەتبار دەستگیر بکەن کە هەڵساون بە ئەنجامدانی چەندین تاوانی جیاجیا بەم شێوەی خوارەوە:
١- دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی(ش،ر،ص) دانیشتووی سۆران لەڕێکەوتی ٢٦/١/٢٠٢٥، بەپێی ماددەی(٤٣٢/ی س)، هەڵساوە بە هەڕەشە لە ئافرەتێک کە بە بەردەوامی قسەی لەگەل بکات وپارەیەکی زۆری پێبدات، ئەگینا وێنە و ڤیدیۆکانی بڵاو بکاتەوە هەروەها هەڕەشەی کوشتنی لێکردووە، بۆیە برا و باوکی کچە بڕە پارەیەکی زۆریان داوە بەتۆمەتبار.
٢- دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی(م،ح،س)، دانیشتووی قەزای ئاکرێ لەرێکەوتی ١٢/٢/٢٠٢٥، بە پێی ماددەی (٢)ی یاسای قەدەغەکردنی خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی و هەڕەشەی کوشتن لە ئافرەتێک و ڕفاندنی مناڵەکانی.
٣ـ دەستگیر کردنی تۆمەتبارێک بەناوی (م،ش،م) دانیشتووی سۆران لە رێکەوتی ٣/٢/٢٠٢٥، کە پەیوەندی خۆشەویستی دروست کردووە لەگەل ئافرەت وکچەکان و تۆمار کردنی ڤیدیۆ و وێنە و دواتر لەڕێگەی دوو ئەکاونتی تیکتۆک بەناوەکانی (Hasan janaza) و (Govand .cts01) هەڕەشەی لە کچ و ئافرەتەکان کردووە ئەگەر لە ڕێگەی fast pay پارەی بۆ نەنێرن وێنەو ڤیدیۆکانیان بلاو دەکاتەوە.
٤-دەستگیر کردنی دوو تۆمەتبار بە ناوەکانی (ن،ص،ا) و (م،رع) دانیشتووی سۆران، لەرێکەوتی ٢٢/١/٢٠٢٥، کە هەڵساون بە ئەنجامدانی کاری نوشتە و سیحر و جادوو بۆ ئافرەتان وهەرزەکاران لەبەرامبەر بڕە پارەیەکی زور.
پەڕاوی لێکۆلینەوە بۆ تۆمەتبارانەی سەرەوە کراوەتەوە و ڕێکاری یاساییان بەرامبەر گیراوەتەبەر و رووبەڕووی دادگا کراون.
بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی سۆران
٢٤ی شوباتی ٢٠٢٥