نرخی گەشتی عومرە زۆر بەرزبۆووە

لە هەرێمی کوردستان نرخی گەشتی عومرە بۆ نزیکەی دووهێندە بەرزبووەتەوە. بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرە دەڵێت، هۆکاری بەرزبوونەوەکە، مانگی رەمەزانە.

لە کاتێکدا مانگی رابردوو نرخی گەشتی عومرە لە رێگەی ئاسمانییەوە 850 دۆلار بوو، ئێستا بۆ 10 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان بە خزمەتگوزارییەوە هەزار و 600 دۆلارە. لە رێگەی وشکانیش لە 400 دۆلارەوە بۆ 10 رۆژ، بەرزبووەتەوە بۆ 900 دۆلار بۆ 15 رۆژی کۆتایی مانگی رەمەزان.

کاروان ستوونی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ (یەکشەممە) رایگەیاند “لە مانگی رەمەزاندا لە هەموو جیهانەوە خەڵک بۆ عومرە دەچنە سعودیە، بۆیە هەموو نرخێک لەو وڵاتە بەرزدەبێتەوە، لە هەرێمی کورستانیش خواستی زۆر لەسەر عومرە لە رەمەزاندا هەیە، ئەوەش هۆکارێکی بەرزبوونەوەی نرخە.” 

بەڕێوەبەری راگەیاندنی حەج و عومرەی هەرێمی کوردستان دەڵێت: “هەندێک کەس نەخۆشن یان هۆکاری دیکەیان هەیە، دەتوانن دوای مانگی رەمەزان گەشتی عومرە بکەن، چونکە ئەو کاتە نرخەکەی ئاسایی دەبێتەوە و دادەبەزێت و قەرەباڵخیش نابێت”.

کاروان ستوونی داوای لە هاونیشتمانیان کرد، هەرکەسێک هەستی کرد کۆمپانیایەک مافی خواردووە، ئاگاداریان بکاتەوە بۆ ئەوەی مافەکەی بۆ وەرگرنەوە. گوتیشی “هەر لە پەیجەکەمانەوە ئاگادارمان بکاتەوە، بەدڵنیاییەوە بەدواداچوون بۆ داواکەی دەکەین.” 

لە دوای نێوەڕاستی ئەم مانگەوە، کۆمپانیاکان ناوی ئەو کەسانە تۆمار دەکەن دەیانەوێت لە رەمەزاندا گەشتی عومرە بکەن، کە بەگوێرەی ناوەندی فەلەکناسیی نێودەوڵەتی، بە ئەگەری زۆرەوە 1ـی مانگی داهاتوو، یەکەم رۆژی مانگی رەمەزان دەبێت.

ھەواڵی زیاتر