لە پارێزگای سلێمانی تەرمی کچێک بە کوژراوی دۆزرایەوە چوار رۆژ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو.
رۆژی یەکشەممە، 2ـی شوباتی 2025، پێشەوا بەختیار، رایگەیاند، “ئەم شەو لە گەڕەکی کانی کوردە لە سلێمانی لە نزیک مزگەوتی رەحمان، تەرمی ژنێک دۆزراوەتەوە و شوێنەواری چوار گولـلە بە جەستەیەوە بووە.”
ئەو ژنە چوار رۆژ بوو ژیانی هاوژینی پێکهێنابوو. پەیامنێری رووداو دەڵێت، “بە سەردان گەڕابووەوە ماڵی باوکی، هەر لەلای ماڵی باوکی بە مردوویی دۆزراوەتەوە.”
کەسوکاری ئەو ژنە رایانگەیاند، نازانن هۆکاری کوشتنی کچەکەیان چییە، “بەڵام کچەکەمان کێشەی لەگەڵ کەس نەبوو، ژیانی هاوسەرگیریی پێکهێنابوو، چاوەڕێ دەکەین هێزە ئەمنییەکان بابەتەکە یەکلایی بکەنەوە.”
هێزە ئەمنییەکانی پارێزگای سلێمانی رایگەیاند، تاوەکو ئێستا بکوژەکە دەستگیرنەکراوە، بەڵام ناسراوەتەوە و لێکۆلینەوەکانیان لە رووداوەکە و هەوڵەکانیان بۆ دەستگیرکردنی، بەردەوامن.
ئەو ژنە لە دایکبووی ساڵی 1995یە، دانیشتووی پارێزگای سلێمانی بوو، تەرمەکەی لە پزیشکی دادە دواتر لە سلێمانی بە خاک دەسپێردرێت.