دەرفەتە زێڕینەكە و دیپلۆماسییەتی مەسرور بارزانی
ناوچەكە بەگۆڕانكارییەكی گەورە و ڕیشەییدا تێدەپەڕێت، ئەمە چیرۆكی ڕاستەقینەی ڕۆژهەڵاتی نزیكە و ئاییندەكەی ڕۆشن نییە، بەڵام ئەوەی تاكوو ئێستا ڕوویداوە زەمینەسازیی بوو، چاوەڕان دەكرێت لەئاییندەدا پرۆسەی گۆڕانكارییەكە قووڵتر و گشتگیرتر خۆی بنوێنێت و زیاتر بخەمڵێت .
مایەی هەڵوێستە لەسەركردنە، كە چەندین هێزی نوێ دێنە پێشەوە، هێزی دیكەیش خامۆش دەكرێن، ململانێ و پێكدادانی سەرەناكۆكەكان زاخاودەدرێ، بە گوێرەی پێدراوەكانی سەرزەوی واقیع، بەرگەی ئاڵوگۆڕەكە ناگرن، یان پاساوی مانەوەو كاركردن و بەرقەرارییان كۆتایی هاتووە. بۆیە خۆری كارو چانسیان ئاوا دەبێت.
كورد وەكو هێزێكی گەورەی ئیتنیكی و دیموگرافی كاریگەر، لەجوگرافیایەكی زیندووی زۆر گرنگ بۆ پرۆسەی گۆڕانكارییەكە، لەسەر كۆمەڵێكی لەبن نەهاتووی سەرچاوەی وزەی دەستلێنەدراو جێگیربووە. كوردستان سەرزەمینی زۆرینە ڕەگەزە گرنگەكانی ئەو گۆڕانكارییەیە.
لەڕاستی دوورناكەوینەوە ئەگەر بڵێین: وەگەڕخستنی توانای مرۆیی و هێزی كورد و پێگەی خاكی كوردستان لەبواری وزە و گرنگیی جوگرافیای سیاسی، دەتوانێت بڕیار لەڕەوتی گۆڕانكارییەكە بدات. چونكە ئەمڕۆ ئابووری و وزە تەحەكووم بە بڕیاری سیاسیی و بەرژەوەندییەكان دەكات، دەتوانێت كاریگەری لەسەر ئەنجامی كۆتایی دیزاینی ناوچەكە دابنێت.
دەبێ هەموو هێزی یەكخراوی كورد بۆ ئەوە ئامادە بێت، ئەمجارە بەبێ كورد ناوچەكە لەقاڵب نەدرێتەوە. بەم تێگەیشتنەوە، مەسرور بارزانی هاتۆتە مەیدان و لە پایتەختە كاریگەرەكانی ناوچەكەو لە ترافیكی دیبلۆماسی دیدارەكانی داڤۆسدا، بارزانی هاتۆتە سەر ستەیجی ئاڵۆزترین دۆخی نێودەوڵەتی، زۆر ژیریی و لێهاتووییەوە، یاری لە مەیدانەكەدا دەكات..
لێرەدا كورد پێویستە وەك حەكیمی نەشتەرگەری مێشك ڕەفتار بكات. بچوكترین كەموكووڕی و هەڵە، یان كەمتەرخەمی، یان زیادەڕەوی، زیان لەسەد ساڵی كێشەی كورد بدات.
سەرۆك مەسعوود بارزانی لەدوا دیداری تەلەفزیۆنیدا گوتی: كورد هەر دەگات بەئامانج، بەڵام نابێت لەو ڕێگەیەدا توندوتیژی بەكاربهێنێت. یانی سەرۆك بارزانی وەكو پزیشكی مێشك، نەشتەرگەری مێژوو، ئایندەی كورد دەكات و هێلە هەرە گرنگەكەی دیاریكرد.
حكوومەتی كوردستانیش، لەسەر ئەو ڕێڕەوەی كە سەرۆك بارزانی دیاریكرد، زۆر بەوردی و وریایی ئەركەكانی جێبەجێدەكات.
مەسرور بارزانی داڤۆسی كردە بنكەی بەرگریكردن لە مافەكانی كورد و، دیپلۆماسیەتی نەرمی كوردی هێندە كاریگەربوو، ئەگەر لەڕاستی دوورنەكەوینەوە دەتوانین بڵێین: تەنانەت توانی پێناسەی نوێ بۆ چەمكەكانی دیپلۆماسیەتی و پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكان فەرزبكات.
بۆنمونە: مەسەلەی هاوشانێتی تێكشكاند. هەرێمی كوردستان لەگەڵ وڵاتە سەربەخۆكاندا لەسەر یەك مێز كۆدەبووە. ئەوەش بە كۆششی بەردەوامی مەسرور بارزانییە. چونكە لەدیپلۆماسیەتی تەقلیدیدا، دەوڵەتەكان تەنها لەگەڵ دەوڵەتە سەربەخۆكاندا كۆدەبنەوە. ئەوەش پرنسیپێكی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەكانە.
بارزانی، بەوریاییەكی تەواوە، لەكەنداو كە مەتبەخی گۆڕانكارییەكانە، تاكو ئەردەن و داڤۆس، بەئاڵای كوردستانەوە، لەگەڵ سەرچاوەكانی بڕیاری ئامادەیە، تاوتوێی بەهێزكردنەوەی هەرێمی كوردستان و چارەنوسی نەتەوەی كورد دەكات.
ئەو وێنەیە لە هزری خاوەن بڕیارەكان جێدەكاتەوە كە كورد بۆ گەیشتن بەمافەكانی، دیپلۆماسیەتی هاوچەرخ پێڕەو دەكات، هەمان ئەو نەخشە ڕێگەیە پیادەدەكات كە سەرۆك بارزانی دایڕشتووە.
ئەم حزورە گرنگ و كاریگەرە، پەیامی دڵنیاییە بۆ هەموو خاوەن بڕیارەكانی دنیا كە كورد، دەتوانێت ڕەگەزی ئارامی و ئاسایشی ناوچەكە بێت و، هیچ مەترسییەك دروست نابێت، كاتێك گەلی كورد دێتە ڕیزی نەتەوە گەورەكانی جیهان. ئەمەش وەرچەرخانێكی گەورەیە و، هەمووان بە لێكەوتەكانی شاد دەبین.
هاودەنگ فاروق