پەیامی سەرەخۆشیی سەرۆك بارزانی بۆ كۆچی دوایی دكتۆر دەشتی دزەیی

سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی دکتۆر دەشتی دزەیی پەیامێکی بڵاو کردەوە و ئاماژەی بەوە دا، بە داخەوە کە هەواڵی کۆچی دوایی دکتۆر دەشتیم بیست، جەنابیان بەشی زۆری تەمەنی بۆ خزمەتکردنی بواری ئەکادیمی و چارەکردنی نەخۆشەکان تەرخان کردووە.
شەممە 25ـی کانوونی دووەمی 2025، سەرۆک بارزانی، بۆ کۆچی دوایی دکتۆر دەشتی دزەیی پەیامێکی سەرەخۆشی بڵاو کردەوە تێیدا هاتووە، بەداخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی دیاری هەولێر و پزیشك و زانای كورد دكتۆر (دەشتی دزەیی)ـم پێ گەییشت.
سەرۆک بارزانی دەڵێت: دكتۆر دەشتی دزەیی بەشی زۆری تەمەنی خۆی بۆ خزمەتكردنی بواری ئاكادیمی و پزیشكیی كوردستان و یارمەتیدان و چارەكردنی نەخۆشەكان تەرخان كردووە و لە هەمانكاتیشدا كەسایەتییەكی نیشتیمانپەروەر و پەرۆشی تەندروستیی هاووڵاتیان بوو و پێگەیەكی بەرزی لە ناوەندە زانستی و پزیشكی و جەماوەرییەكاندا هەبوو و لەدەستدانی خەسارەتێكی گەورەیە.
لە پەیامەکەدا سەرۆک بارزانی، پرسە و سەرخۆشیی خۆی ئاراستەی خانەوادە و كەسوكار و دۆستان و هاوكارانی خواڵێخۆشبوو دكتۆر دەشتی دزەیی و سەرجەم پزیشكانی كوردستان دەكات و دەڵێت: خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم.
سەرۆک بارزانی گوتیشی: لە خودای گەورە داواكارم گیانی خوالێخۆشبوو دكتۆر دەشتی دزەیی بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

ھەواڵی زیاتر