مەسرور بارزانی بەشداریی لە کۆڕبەندی ئابووری جیهانی داڤۆس دەکات

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، گەیشتە سویسرا بۆ بەشداریکردن لە کۆڕبەندی ئابووريی جیهانی لە داڤۆس، کە ئەمساڵ بە دروشمی (هاریکاری لەپێناو سەردەمی زیرەکدا) لە ڕۆژانی 20 – 24 /1 بەڕێوەدەچێت.

لە میانی بەشداریکردنی لە کۆڕبەندەکەدا، سەرۆکی حکومەت، زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ژمارەیەک لە سەرۆک و سەرۆکوەزیران و بەرپرسانی باڵای وڵاتانی جیهان ئەنجام دەدات و دەرفەتەکانی برەودان بە هاریکاری لەگەڵ هەرێمی کوردستان تاووتوێ دەکات ، بە تایبەتی لە بوارەکانی ئابووری و بازرگانی و وەبەرهێناندا.

هەروەها ئەمساڵ (ماڵی کوردستان Kurdistan House ) لە داڤۆس، کە ساڵی ڕابردوو لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆکی حکومەت کرایەوە، چەندین چالاکی بە بەشداريی ژمارەیەک لە وەبەرهێنەر و سەرمایەدار و خاوەنکارانی کوردستان ڕێکدەخات، بە ئامانجی ناساندنی هەرێمی کوردستان و پەرەپێدانی وەبەرهێنان و ئاڵوگۆڕی بازرگانی. 
بەشداریی سەرۆکی حکومەت لە کۆڕبەندی ئابووریی جیهانیی داڤۆس، لە چوارچێوەی هەوڵە بەردەوامەکانیدایە بۆ بەهێزکردنی پێگەی هەرێمی کوردستان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و دیپلوماسی و پێشخستنی پرۆسەی وەبەرهێنان و گەشەپێدانی ئابوورییە لە هەرێمی کوردستاندا.

ھەواڵی زیاتر