لە چەند کاتژمێری داهاتوو ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕادەگەیێنرێت

لە دوای خولێکی گرنگی وتووێژەکان، جیهان چاوەڕێی ڕاگەیاندنی ڕێکەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل بۆ ئاگربەست لە کەرتی غەززە و ئاڵوگۆڕی زیندانییەکان دەکات و کاربەدەستانی فەلەستین و ئیسرائیلیش پێشبینی دەکەن لەچەند کاتژمێری داهاتوو ڕێککەوتنی نێوان حەماس و ئیسرائیل ڕابگەیێنرێت.

 ئاژانسەکانی هەواڵ وردەکارییەکانی ڕێککەوتنە چاوەڕوانکراوەکەی نێوان حەماس و ئیسرائیلیان بڵاو کردووە کە چەند قۆناغێک لەخۆ دەگرێت:

قۆناغەکانی ڕێککەوتنەکە:

ڕێککەوتنەکە لە سێ قۆناغ پێکهاتووە، هەر قۆناغێک 42 ڕۆژ دەخایەنێت، بەڵام ئیسرائیل دەیەوێت لە دانوستانەکانی قۆناغی دووەمی ڕێککەوتنەکە سنوورداربکات بۆ دوو قۆناغ، بەپێی ڕەشنووسی ڕێککەوتنەکە کە دەستی ئاژانسی ئەنادۆڵ کەوتووە.

* قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە کە پێی دەگوترێت “قۆناغی مرۆیی” چاوەڕوان دەکرێت 33 دەستگیرکراوی ئیسرائیلی زیندوو و مردوو ئازاد بکرێن کە ژن و بەتەمەن و نەخۆش لەخۆ دەگرێت و سوپای ئیسرائیلیش لە زۆربەی ناوچانەی کۆنترۆڵی کردوون لە غەززە دەکشێتەوە.

به گوێرەی ڕێککەوتننامەکه کاروانی ئازادکردنی یەکەم زیندانیانی ئیسرائیلیە، کە له قۆناغی یەکەمدا له ڕۆژی حەوتەمی ئاگربەست دەبێت و لە بەرامبەر هەر سەربازێکی ئیسرائیلی، 50 دەستگیرکراوی فەلەستینی ئازاد دەکرێن کە 30 کەسیان بە زیندانی هەتاهەتایی و 20یان بە زیندانی درێژخایەن سزا دراون.
بۆ هەر ژنێک یان بەساڵاچووێکی ئیسرائیلی، 30 دەستگیرکراوی فەلەستینی لە چین و توێژە جۆراوجۆرەکان، لەوانە مێردمنداڵ، نەخۆش و ژن ئازاد دەکرێن.

* قۆناغی دووەم کە لە ڕۆژی 16ی دەستپێکردنی رێککەوتنەکە دەست پێدەکات و تیشک دەخاتە سەر گفتوگۆکردن لەسەر ڕێکەوتنێکی گشتگیر بۆ سەرجەم زیندانییەکان لە غەززە و ئازادکردنی ئەو گەنج و سەربازانەی کە ماونەتەوە. ڕێککەوتن لەسەر قۆناغی دووەم دەبێت پێش کۆتاییهاتنی هەفتەی پێنجەمی قۆناغی یەکەمی ڕێککەوتنەکە بکرێت.

* قۆناغی سێیەم و کۆتایی، ڕێکخستن و پلانی درێژخایەن بۆ ئاوەدانکردنەوەی کەرتی غەززە دەگرێتەوە.

ئەم ئێوارەیە کەناڵی 13ی ئیسرائیلی بڵاویکردەوە، بنیامین ناتانیاهۆ، سەرۆکوەزیرانی ئیسرائیل ئێوارەی چوارشەممە گفتوگۆی بەپەلە لەگەڵ شاندی ئیسرائیل لە قەتەر و هاوکات سەرۆکی دەزگا ئەمنییەکان دەکات.

 کەناڵی 12ی ئیسرائیلیش بڵاویکردەوە کابینەی جەنگیی ئیسرائیل ڕۆژی پێنجشەممە کۆبوونەوەیەک ئەنجام دەدات بۆ پەسەندکردنی ڕێککەوتنەکە، لەکاتێکدا پێشبینی دەکرێت ڕێککەوتنەکە یەکشەممەی داهاتوو جێبەجێ بکرێت.

 بەرپرسێکی باڵای ئیسرائیلی بە ماڵپەڕی هەواڵی والا-ی ئیسرائیلی ڕاگەیاند، پێشکەوتن لە دانوستانەکانی دەوحە لەسەر ئاگربەست و ئاڵوگۆڕی بارمتە و زیندانییەکان بەدی هاتووە.

 سەرچاوەیەکی فەلەستینیش بە کەناڵی کان-ی ئیسرائیلی ڕاگەیاندووە، لە گفتوگۆکانی قەتەر بەرەوپێشچوون بەدیهاتووە و پێدەچێت تا ڕۆژی پێنجشەممە ڕێککەوتنەکە واژۆ بکرێت و لە ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژیشدا بچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ھەواڵی زیاتر