“بە مەبەستی رەزامەندیی وەرگرتنی زەوی، لیستێكی 150 هەزار كەسی لە ئەنجوومەنی وەزیرانە”
بەرپرسێكی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئاشکرای دەکات، لیستێكی 150 هەزار كەسی بە مەبەستی رەزامەندیی وەرگرتنی زەوی بۆ ئەنجوومەنی وەزیران نێردراوە و دەشڵێت: “دوای وەرگرتنی رەزامەندی، ناوەكان بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، بۆ شارەوانییەكان رەوانە دەكەین.”
سەربەست مەولوود، بەڕێوەبەری كاروباری یاسایی لە وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار، رایگەیاند: “لیستێك، كە ناوی زیاتر لە 150 هەزار فەرمانبەری شارستانی و سەربازیی تێدایە، بۆ ئەنجوومەنی وەزیران بەرز كراوەتەوە، بۆ ئەوەی دوای وردبینی، رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانی بۆ وەربگیرێت، بۆ تەرخانكردنی زەوی.”
ئاماژەی بەوەش دا: “دوای ئەوەی رەزامەندیی ئەنجوومەنی وەزیرانمان بۆ دەگەڕێتەوە، بەپێی شوێنی نیشتەجێبوون و كارتی زانیاری، ناوی فەرمنبەرەكان بۆ شارەوانییەكان رەوانە دەكەین، بۆ ئەوەی زەوییان بۆ تەرخان بكرێت، یان تیروپشك بۆ زەوییەكان بكرێت.”
جەختی كردەوە، بەپێی هەبوونی زەوی لە شارەوانییەكان زەوی دابەش دەكرێت و ئەو پرسە لای شارەوانییەكانە. گوتیشی: “ئەركی ئێمە وردبینی و ناردنی ناوەكانە بۆ ئەنجوومەنی وەزیران و وەرگرتنی رەزامەندییە، دابەشكردنەكە پەیوەندیدارە بە خودی شارەوانییەكان، شارەوانیی پەیوەندیدار زەویی ئامادەی هەبێ، دوای گەڕانەوەی لیستەكان تیروپشك دەكات، ئەگەر زەوییش ئامادە نەبێـت، ئەوا دابەشكردنەكە دەكاتە وەجبە وەجبە، تاوەكوو زەوی ئامادە دەكات.”
ڕۆژی 27ی 03ی 2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی 5ی 2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی فەرمیی كوردستان بڵاو كردەوە.
ئەو بەرپرسەی وەزارەتی شارەوانی روونیشی كردەوە: “زیاتر لە 400 ھەزار فۆڕم لەلایەن فەرمانبەر و کارمەندانی وەزارەتەکان بۆ وەرگرتنی زەوی پڕكراونەتەوە و ئێمەش بەبێ جیاوازی وردبینییان دەكەین، تەنانەت لە كاتی پشووەكانیش لێژنەكانی ئێمە كاریان كردووە، بۆ ئەوەی پڕۆسەكە خێراتر بكرێت.”
هەر فەرمانبەرێك، كە 8 ساڵ خزمەتی هەبێت و هەر خانەنشینێكیش لە كاتی فەرمانبەریدا سوودمەند نەبووبێت، زەوییەكی 200 مەتری پێ دەدرێت.
لای خۆیەوە، كارزان هادی، سەرۆكی شارەوانیی هەولێر، رایگەیاند: “لە سنووری سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ئێمە سێ هەزار پارچە زەوییمان دابەشی سەر فەرمانبەران كردووە، ئەوانەی دیكەش، كە رەزامەندیی پێدانی زەوییان بۆ دەرچووە، كاری لەسەر دەكرێت.”
جەختی كردەوە، زەوی ئامادە دەكرێت، بۆ ئەوەی لە قۆناغەكانی داهاتوودا بەسەر فەرمانبەران دابەش بكرێت.