لە ساڵی 2024دا 121 پرۆژە له‌ شارى هه‌ولێر جێبەجێ كراون بە گوژمەی ملیاران دینار

– ڕێژەی سەوزایی لە شاری هەولێر بۆ زیاتر لە ٢٠% بەرز بووەتەوە.
– زیاتر لە ١٤٦ هەزار دار و گوڵ چێندراون.
بەپێی ڕاپۆرتێكی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، كە بۆ ڕاگەیاندنی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار نێردراوە، لە ساڵی ٢٠٢٤دا، لەسەر بودجەی ١٠٠% و ١٥%ی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر، وەبەرهێنان، دارایی، داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەرۆكایەتیی شارەوانی، بە گوژمەی ٧٣ مليار و ٨٧٥ مليۆن و ٦٠٢ هه‌زار و ٥٢٠ دينار،١٢١ پرۆژەی خزمەتگوزاری لە سەنتەری شاری هەولێر جێبەجێكراون و كەوتوونەتە بواری جێبەجێكردنەوە، بەشێكیان تەواوكراون و كاركردنیش لە ژمارەیەكیان بەردەوامە.
سەبارەت بە بڕی قیری بەرهەمهاتوو لەلایەن كارگەی ئەسفەلتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێرەوە، ١٥ هه‌زار و ٢٧١ تۆن بەرهەمهاتووە و لە چاككردنەوەی چاڵ و شكستی شەقامەكان بەكارهاتووە.
سەبارەت بە گرێبەستەكانیش، هه‌زار و ٦٨٢ گرێبەست كراون. جۆری گرێبەستەكانیش بریتین لە دوكان، گەراج، كۆگا، بەڵێندەرایەتی، ماركێت، سەموونخانە، پێشانگەی ئۆتۆمبێل و چەند جۆرێكی دیكەی گرێبەست.
هەروەها كۆی گشتیی گوژمەی كۆكردنەوە و چارەسەركردنی زبڵ و خاشاك لە سەنتەری شاری هەولێر ١٨ مليار و ٥٦١ مليۆن و ٤٨ هه‌زار دينار بووه‌. 
سەبارەت بە چاندنی دار و گوڵ، لە ساڵی ڕابردوودا، لە سنووری شاری هەولێر، لەلایەن تیمەكانی بەڕێوەبەرایەتیی ئەندازەی پاركەكانی هەولێری سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر ٩١ هه‌زار و ٨٣١ دار و ٥٤ هه‌زار و ٨٥٩ گوڵ چێندراون و ڕێژەی سەوزاییش بۆ ٢٠،١٥% بەرزبووەتەوە. 
پرۆژەكان بەپێی بودجەی تەرخانكراو دابەشكراون، كە لە كۆی پرۆژەكاندا، ٦٤ پرۆژەیان لەسەر ڕێژەی ١٠٠% و ١٥%ی داهاتی سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێر جێبەجێ كراون. هەروەها لەسەر بودجەی پارێزگه‌ی هەولێریش ٣٥ پرۆژە جێبەجێ كراون، لەسەر بودجەی وەبەرهێنانی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار چوار پرۆژە جێبەجێ كراون، لەسەر بودجەی دارایی يه‌ك پرۆژە جێبەجێ كراوە، لەسەر داهات و پێشینەی بەڕێوەبەرایەتییەكانی سەر بە سەرۆكایەتیی شارەوانیی هەولێريش ١٧ پرۆژە جێبەجێ كراون.

ھەواڵی زیاتر