وەزارەتی دارایی و ئابووری ڕوونکردنەوە لەبارەی گەیشتنی 441 ملیار دینارەکەی بەغدا دەدات و دەڵێت: تەواوی پارەکەی وەرگرتووە و بۆ مووچەی مانگی 11 خەرج دەکرێت.
ئەمڕۆ یەکشەممە دەست بە دابەشکردنی مووچەی مانگی 11 کرا و لە سێ ڕۆژی داهاتوودا تەواو دەبێت. بەهۆی ئەوەی وەزارەتی دارایی عێراقیش لە مانگەکانی ڕابردوودا پارەی بە کەموکوڕی ناردووە، چارەنووسی مووچەی مانگی 12 دیارنییە.
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی و ئابووری حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: وەزارەتی دارایی عێراق لە 31-12-2024، بڕی 441 ملیار 493 ملیۆن و 599 و 611 دیناری خستە سەر هەژمارەکەمان”.
بەوتەی سەرچاوەکەی وەزارەتی دارایی و ئابووری، “ئەمڕۆ یەکشەممە لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی فەرمانگەکان، تەواوی پارەکەی بەغدایان لە بانک وەرگرتووە و بۆ مووچەی مانگی 11ی خەرج دەکرێت”.