کابینەی نۆیەم، ئەنجام و دەستکەوت
کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە ماوەی کارکردنی و لە چوارچێوەی هێڵە گشتییەکانی پلان و کارنامەکانی، چەندین دەستکەوتی لە بوارەکانی بەهێزکردنی ژێرخانی ئابووری، کشتوکاڵ، پەروەردە و مێدیایی و چەندین بواری دیکە بەدەست هێناوە، کە دواجار بناغەیەکی بەهێزی بۆ سیستەمی حوکمڕانیی لە هەرێمی کوردستان، داڕشت.
ئەگەر کەرتی کشتوکاڵ بە نموونەی کاری کابینەی نۆیەم وەربگرین؛ دەتوانین بڵێین کابینەی نۆیەم کابینەی بەرپاکردنی شۆڕشی کشتوکاڵ و پاراستنی ئاسایشی خۆراک و بووژێنەرەوە و ڕەوێنەوەی نیگەرانی و رەنجی جووتیارانی هەرێمی کوردستان بووە؛ بە جۆرێک، لە کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمدا، بۆ یەکەمجار بەرهەمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان ڕەوانەی دەرەوە کرا و بە بازاڕ کران، ئەمە وایکرد ئیتر جووتیاران لە خەمی ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان نەبن. کە بە یەکێک لە هەنگاوە گەورەکانی کابینەی نۆیەم بۆ پاڵپشتی جووتیاران هەژمار دەکرێت، کە ساڵی 2022 بە فەرمی دوو هەزار تۆن هەنار هەناردەی بازاڕەکانی ئیمارات و وڵاتانی دیکەی کەنداو کرا و بۆ ئەمساڵ و ساڵانی داهاتووش جگە لە هەنار هەریەکە لە بەرهەمەکانی ترێ، هەنگوین، سێو بۆ بازاڕەکانی ئیمارات، سعوودیە، بەحرەین، بەریتانیا و وڵاتانی ئەورووپا دەکرێت.
هەروەها لەم کابینەیەدا، 10 پۆند و بەنداو دروست کران کە توانای گلدانەوەی 160 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان هەیە، ئێستا هەرێمی کوردستان خاوەنی 10 ملیار و 122 ملیۆن مەتر سێجا ئاوە.
ئەوانە وایانکرد کابینەی نۆیەمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، هەنگاوی گەورە و مێژوویی لە بواری کشتوکاڵ بنێت.
یەکێکی دیکە لە دەستکەوت و کارە هەرە گرنگەکانی کابینەی نۆیەم، یەکخستن و ڕێکخستنی کاریی مێدیایی و ڕۆژنامەوانی بوو لە هەرێمی کوردستان، کە سەرباری بوونی یاسای کاری ڕۆژنامەوانی و بەدەستگەیشتنی زانیاریی، بەڵام هاووڵاتییان و دەزگاکانی بیانی لە هەرێمی کوردستان زۆربەی جار بەهۆی زۆری و فەوزای دەزگا مێدیاییەکان و ڕەچاونەکردنی بنەما و ئیتیکی کاری ڕۆژنامەوانی، زانیارییەکانیان بەهەڵە پێ دەگەیشت. لە ئەمڕۆوە فەرمانگەی مێدیا و زانیاریی حکوومەتی هەرێم، متمانە و ڕاستی و دروستی کاریی مێدیایی و گەیشتنی زانیارییەکانی بۆ هاووڵاتییان و دەزگاکانی نێودەوڵەتی گەڕاندەوە.
بەشێکی زۆر لە مێدیاکان بە تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان (سۆشیاڵ مێدیا) ڕۆڵی خراپیان لە گەیاندنی زانیارییەکان و پێچەوانەکردنەوەی ڕاستییەکان و چەواشەکاریی، گێڕا. بێگومان، ئەمەش بە مەبەستی سیاسی و شێواندنی کارەکانی کابینەی نۆیەم لە لایەن هەندێک کەس و لایەنەوە ئاراستە دەکران، کە کاریگەریی خراپیان لەسەر جێگیربوونی متمانەی هاووڵاتییان بە کارەکان و دامودەزگاکانی حکوومەت دروست کرد؛ بەڵام فەرمانگەی مێدیا و زانیاری لە ڕێگەی پلاتفۆرم و ئەکاونتی فەرمیی خۆیەوە توانی لە ڕێگەی ڕاستکردنەوەی هەڵە و زانیارییەکان و ڕوونکردنەوەی هەواڵ و بابەتەکان، متمانە بۆ کاریی مێدیایی و هەواڵ و زانیاریی و کارەکانی کابینەی نۆیەم بگێڕێتەوە، کە ئەمە بە شۆڕشی راستکردنەوەی هەڵەکان و گەڕاندنەوە متمانە دادەنرێت.
گەڕاندنەوەی متمانە، ماندووبوون و قوربانی زۆری دەوێت ئەم شەونخوونی و ماندووبوون وشانازیەش بۆ کاستی فەرمانگەکە دەگەڕێتەوە، کە کاریگەریی لەسەر ئاسایشی کۆمەڵایەتی و متمانەی خەڵک بە کارەکانی حکوومەت دروست کرد.
ئەگەرچی هەردوو بواری کشتووکاڵ و مێدیاییم وەک نموونەی کارە سەرکەوتوو و پێشەنگەکانی کابینەی نۆیەم باس کردووە، بەڵام کابینەی نۆیەم لە سەرجەم بوارەکانی دیکە هەنگاوی گەورەی بە ئاراستەی بەهێزکردنی ژێرخانی سیاسیی و ئابووری و کۆمەڵایەتی و ڕاستکردنەوەی رێڕەوی حوکمڕانیی باش و پەیڕەوی کوڵتووری “حکوومەت بۆ خزمەت و لەپێناو خەڵک” هەڵگرتووە.
فەرمان عەبدولڕەزاق گەردی