نێوەڕۆکی کۆبوونەوەی دەم پارتی لەگەڵ عەبدوڵڵا ئۆجەلان
پێشنیوەڕۆی یەکشەممە، 29-12-2024، پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان (دەم پارتی) لە ڕاگەیەندراوێکدا ئەنجامی کۆبوونەوەی ڕۆژی شەممەیان، 28-12-2024، لەگەڵ عەبدوڵلا ئۆجەلان، ڕێبەری زیندانیکراوی پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) لە زیندانی ئیمرالی، بڵاو کردەوە.
دەم پارتی باسی لەوە کردووە “تەندروستیی ئۆجەلان باشە و ورەی زۆر بەرزە” لەبارەی تەوەرەکانی کۆبوونەوەکەش ئاماژەی بەوە کردووە “هەڵسەنگاندن بۆ دوایین پێشهاتەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و تورکیا کرا و بەڕێز ئۆجەلان پێشنیازی چارەی ئەرێنی خستە ڕوو بەرامبەر بەو سیناریۆ تاریکانەی کە دەسەپێنرێن.”
بە گوێرەی ڕاگەیەندراوەکە، ئۆجەلان ئاماژەی بەوە داوە “بەهێزکردنەوەی برایەتیی کورد و تورک، وێڕای ئەوەی بەرپرسیارێتییەکی مێژووییە، هاوکات گرنگی و پێویستییەکی چارەنووسسازی بۆ هەموو گەلان وەرگرتووە.”
ئۆجەلان باسی لەوەش کردووە “بۆ سەرکەوتنی پرۆسەکە، پێویستە هەموو لایەنە سیاسییەکانی تورکیا دەستپێشخەری بکەن و هەڵوێستی ئەرێنی و بونیاتنەریان هەبێت بەبێ گیرۆدەبوون بە حیساباتی کاتی و تەسک. بێگومان یەکێک لە گرنگترین مەیدانەکانی ئەم بەشدارییە پەرلەمانی تورکیا دەبێت.”
لەبارەی لێدوانی بەشێک لە بەرپرسانی تورکیا بۆ چارەکردنی پرسی کورد، ئۆجەلان ڕایگەیاندووە “من لێهاتوویی و ئیرادەم هەیە بۆ بەشداریی ئەرێنی پێویست لە بانگەوازەکەی ئەردۆغان و باخچەلی بۆ گفتوگۆ.” ئاماژەی بەوەش کردووە “سەردەم، سەردەمی ئاشتی و دیموکراسی و برایەتییە بۆ تورکیا و ناوچەکە.”
ئۆجەلان پێی وایە “ڕووداوەکانی غەززە و سووریا دەریان خستووە، نابێت چی دیکە چارەکردنی پرسی کورد دوابخرێت کە هەوڵ دەدرێت لە ڕێگەی دەستێوەردانی دەرەکییەوە ئاڵۆزتر بکرێت.” ئەوەشی خستووەتە ڕوو ” شاندی (دەم پارتی) ئەم ڕوانگەیەی من، لەگەڵ دەوڵەت و لایەنە سیاسییەکان باس دەکات. لەبەر ڕۆشنایی ئەمانەدا، ئامادەم هەنگاوی ئەرێنی بنێم و بانگەواز بکەم، بەوەی هەموو ئەم هەوڵانەمان، وڵات دەگەیەنێتە ئەو ئاستەی شایستەیەتی و هاوکات ڕێبەرێکی زۆر بەنرخیش دەبێت بۆ گۆڕانکاری دیموکراتی.”