سەرۆکی ئەڵمانیا پەرلەمانی وڵاتەکەی هەڵوەشاندەوە و رۆژی 23ی شوباتی داهاتووی بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەختەی پەرلەمان دیاریکرد.
رۆژی هەینی، 27ی کانوونی یەکەمی 2024، فرانک واڵتەر شتاینمایەر، سەرۆکی ئەڵمانیا لە گوتارێکدا رایگەیاند، “21ـەم خولی هەڵبژاردنی پەرلەمان لە 23ی شوباتی داهاتوو دەکرێت.” ئاماژەی بەوەشکرد، “سەقامگیری سیاسی سەرمایەیەکی گرنگی ئەڵمانیایە.”
هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمانی ئەڵمانیا لەلایەن سەرۆکی وڵاتەکەوە دوای ئەوە دێت، کە رۆژی 16ی ئەم مانگە ئۆلاف شۆڵتز، راوێژکاری ئەڵمانیا شکستیهێنا لەوەی زۆرینەی پەرلەمانی بۆ پاڵپشتیکردنی حکومەتی وڵاتەکەی کۆبکاتەوە.
میدیای ئەڵمانیا لەبارەی بڕیارەکەوە بڵاویکردەوە، سەرکردەکانی پارتی سۆشیال دیموکرات و هاوپەیمانیەتیی کریستیان دیموکراتەکان رەزامەندیی خۆیان دەربڕیوە.
بەگوێرەی دوایین راپرسیی میدیای ئەڵمانیا، ئەگەر ئێستا هەڵبژاردن بکرێت، هاوپەیمانیی یەکێتیی سۆشیال کریستیانی باڤاریا و یەکێتیی کریستیان دیموکراتی پارێزگار 32.1٪، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیا 18.6٪، پارتی سۆشیال دیموکرات 15.9٪ و سەوزەکانیش 13.2٪ی دەنگەکان بەدەستدەهێنن.
ئەڵمانیا چۆن گەیشت بە هەڵوەشاندنەوەی پەرلەمان؟
رۆژی 7ی تشرینی دووەمی ئەم ساڵ، راوێژکاری ئەڵمانیا لە کۆبوونەوەیەک دا لەگەڵ پەرلەمانتارانی پارتەکەی (پارتی سۆشیال دیموکرات) لە بەرلین بڕیاری دوورخستنەوەی کریستیان لیندنە، وەزیری دارایی دا کە هاوکات سەرۆکی پارتی دیموکراتی ئازادی میانڕۆی راستڕۆیە، ئەوەش کاردانەوەی پارتەکەی بەدواداهات.
میدیای ئەڵمانیا هۆکاری لەکارلادانی وەزیرەکەی بۆ ئەوە گەڕاندەوە کە داوای ژمارەیەک گۆڕانکاری لە پلانی بودجەی 2025 دا کردووە. ئەوەش لەلایەن دوو پێکهێنەرەکەی دیکەی حکومەتەوە کە پارتی سۆشیال دیموکرات و سەوزەکانن، رەتکراوەتەوە.
دوای بڕیارەکە، لیندنە گوتی: “ئۆلاف شۆڵتز شکستیهێناوە لە دانانی پلانێکی ئابووریی پێویست بۆ هەستانەوەی وڵاتەکەمان. ئەو هەموو کات نیگەرانییە ئابوورییەکانی خەڵکی پشتگوێ خستووە. ئێستاش گومان لەسەر ژمارەیەک بڕیار دروستدەکات کە وا دەکات خەڵک شانازی بە ئەڵمانیاوە بکاتەوە.”
دوای ئەم هەنگاوە، پارتەکەی لیندنە کە جگە لەم وەزیرە، سێ وەزیری دیکەشی لە کابینەکەی شۆڵتزدا هەیە، سەرجەمیانی کشاندەوە.
هەروەها ئەو کات، شۆڵتز بڕیاری دا، بڕیاردان لەسەر هەڵوەشاندنەوەی حکومەت و هەڵبژاردنی پێشوەخت لە ئاداری داهاتوو یان بەردەوامی بە حکومەتی ئێستا لە کانوونی دووەمی داهاتوودا بخرێتە دەنگدانەوە.
ژمارەیەک پارتیش لەوانە، پارتی جێگرەوە بۆ ئەڵمانیای راستڕۆی تووندئاژۆ پێشوازی لە هەڵوەشاندنەوەی حکومەت کرد.