کەناڵی سکای نیوزی عەرەبی ئێوارەی ڕۆژی سێشەممە 26-11-2024، چاوپێکەوتنێکی تایبەتی لەگەڵ سەرۆک بارزانی پەخش کرد، لە میانی چاوپێکەوتنەکەدا تیشک خرایە سەر بارودۆخی ناوخۆ و پرسی پێکهێنانی حکومەتی نوێ و پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا و پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ و ناوچەکە.
“بە بەشداریکردنیان لە هەڵبژاردن خەڵکی کوردستان سەری ئێمەیان بەرز کرد”
لەبارەی پرسی هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتی نوێی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: زۆر لایەن پێیانوابوو هەڵبژاردن ناکرێت، ئەگەر بشکرێت کێشەی زۆری لێ دەکەوێتەوە، بەڵام پشتیوان بەخودا هەڵبژاردن لە کەشێکی ئارام و بێ کێشە بەڕێوەچوو، بەشدار خەڵکی کوردستان بەو ڕێژەیە دەستکەوتێکی گەورە بوو و خەڵکی کوردستان سەری ئێمەیان بەرز کرد.
“نە مەرج لە کەس قبووڵ دەکەین و نە مەرجیش بەسەر کەسدا دەسەپێنین”
پەیوەست بە هەنگاوەکانی پێکهێنانی حکومەت، سەرۆک بارزانی ئاماژەی بۆ ئەوە کرد شاندێکی تایبەتمەندیان هەیە بۆ پەیوەندیکردن بە لایەنەکان لەنێویشیاندا یەکێتی بۆ پێکهێنانی حکومەت.
“ڤیتۆمان لەسەر کەس نییە”
سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوەش دەکات کە ئەوان ڤیتۆیان لەسەر کەس نییە و ئەوان پشت بە “ئیستحقاقی هەڵبژاردن” دەبەستن و دەڵێت: لە دابەشکردنی پۆستەکاندا نە مەرج لە کەس قبووڵ دەکەین، نە مەرجیش بەسەر کەسدا دەسەپێنین، بەڵام دەبێت ئەوە ڕوون بێت، دەبێت یەک هەرێم، یەک پەرلەمان، یەک حکومەت و یەک هێزی پێشمەرگەی یەکگرتوومان هەبێت.
“پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە بەردەوامە”
پەیوەست بە پرۆسەی یەکخستنەوەی هێزەکانی پێشمەرگە، سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات، کە ئەمە پرۆسەیەکی بەردەوامە و وەزارەتی پێشمەرگە لەو پرۆسەیە بەرپرسە بە هەماهەنگیی لەگەڵ ڕاوێژکارانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی، تا ئێستاش بەشێکی زۆری هێزەکان یەکخراونەتەوە و پرۆسەکە بەردەوامە.
“کار بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان دەکەین”
سەبارەت بە ناکۆکییەکییەکانی نێوان پارتی و یەکێتی و کاریگەریی ئەو ناکۆکیانە لەسەر لەدەستدانی دەستکەوتە دەستوورییەکانی هەرێمی کوردستان، سەرۆک بارزانی پێیوابوو “هەموو ناکۆکییەکی لە بەرژەوەندیی وڵاتەکە و هەرێمی کوردستاندا نییە، بەڵام ئێمە کار بۆ تێپەڕاندنی هەموو کێشە و ناکۆکییەکان دەکەین. دواتر هەڵبژاردن کراوە و ئەنجامەکانیشی ڕوونن، پێویستە بە ئەنجامەکانیەوە پابەندی هەبێت.
“ڕەشنووسی دەستووری کورستان ئامادەیە”
لەبارەی نووسینی دەستوورێک بۆ هەرێمی کورستان، سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوەکرد کە ڕەشنوورێک ئامادەیە هەیە و تەنیا چەند بڕگەیەک نەبێت، پشتیوان بە خودا لە ماوەیەکی کەمدا دەگەین بە ڕەشنووسی کۆتایی.
“دڵنیاییمان لەبارەی سەرژمێری وەرگرتووە”
سەبارەت بە پرۆسەی سەرژمێریی گشتی لە هەرێمی کوردستان و عێراق ئەو تێبینیانەی لەسەر پرۆسەکە هەیانبووە، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: دڵنیاییمان وەرگرتووە کە ئەم سەرژمێرییە هیچ پەیوەندییەکی بە ناوچە کوردستانییەکانەوە نییە، ئەوانەی لە دەرەوەی ئیدارەی هەرێمی کوردستانن و ئامانج لە سەرژمێریی گەشەپێدانە. هەندێک خاڵی ڕوون هەبوون دوای گفتوگۆ ئەوانیش چارە کران.
“کرانەوەیەک لە پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغدا هەیە بۆ چارەسەری کێشەکان”
لەبارەی پەیوەندییەکانی هەولێر و بەغداش، سەرۆک بارزانی باسی ئەو سەردانەی کرد کە لە دوای شەش ساڵ چوو بۆ بەغدا و ڕایگەیاند: بەو سەردانە ئەو بەربەستە دروونییەی شکاند کە هەبوو، ڕێککەوتن لەسەر دانانی نەخشەڕێگەیەک بۆ چارەکردنی کێشەکان، سەردانەکە کەشێکی ئەرێنی دروست کرد لەنێوان بەغدا و هەولێر، ئێشتاش کرانەوەیەک هەیە لە پەیوەندییەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، هاوکات پەیوەندییەکانی باش لەنێوان سەرۆکوەزیرانی کوردستان و سەرۆکوەزیرانی حکومەتی فیدراڵ هەیە. بەڵام هێشتا هەندێک کێشە ماون و پێویستیان بە چارەسەرە. ئەگەرچی پێشکەوتن هەیە، بەڵام ناکۆیی هەر هەیە. ئەگەر نیەت و ئیرادەیەک هەبێت بۆ چارەسەری ناکۆکییەکان، کێشەکان بە ئاسانی چارەسەر دەکرێن.
“هەر بڕیارێکی فیدراڵی پێچەوانەی دەستوور بێت ڕەتی دەکەینەوە”
سەبارەت چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو لایەنانەی لە بەغداوە هەوڵی ئەوە دەدەن دەسەڵاتەکانی هەرێمی کوردستان سنووردار بکەن، سەرۆک بارزانی پشتڕاستی ئەو هەوڵانە دەکاتەوە و ئاماژە بۆ ئەوە دەکات کە ئەوان بەدەست ئەو بابەتەوە گرفتار بوونە و ڕایگەیاند: بەڵام ئێمە دەستوورمان هەیە و دەبێت دەستوور ناوبژیوان بێت، هەر بڕیارێکی فیدراڵی پێچەوانەی دەستوور بێت ڕەتی دەکەینەوە.
“لە بەغدا کەسانێک هەن باوەڕیان بە دەستوور نییە”
پەیوەست بە ناکۆکیەکانیش لەسەر یاسای نەوت گاز، سەرۆک بارزانی ئاماژە بۆ ئەوە دەکات بەپێی دەستوور نەوت و گاز موڵکی هەموو خەڵکی عێراقە و دەبێت بە دادپەروەریی بەسەر هەموو دانیشتووانی عێراق دابەش بکرێت، دەستوور چۆنیەتی بەڕێوەبردنی کێڵگە نەوتیە کۆن و نوێکانی دیاری کردووە. بەڵام لە بەغدا کەسانێک هەن باوەڕیان بە دەستوور نییە و دەیانەوێت هەرێمی کوردستان پەراوێز بخەن، ئەمەش هۆکارەکەیە. بەڵام ئێستا بەرەوپێشچوون لە گفتوگۆکان هەیە و بڕیارە ئەو بابەتە لە پەرلەمان چارەسەر بکرێت و هیوادارین ئەم بابەتە تێپەڕێنرێت.
“پشکی 12٪ لە بودجە بۆ هەرێمی کوردستان نادادپەروەرانەیە”
لەبارەی گۆڕانکاری لە پشکی هەرێمی کوردستان لە بودجە دوای دەرچوونی ئەنجامەکانی سەرژمێری گشتی دانیشتوان، سەرۆک بارزانی بە پێویستی زانی ئەو ڕێژەیەی هەیە گۆڕانکاری تێدا بکرێت و ڕایگەیاند: 12% پشکێکی نادادپەروەرانەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوەش هەرێمی کوردستان بەو پشکە ڕازی بووە، بەڵام سەرەڕای ئەوەش یاری بەو پشکە دەکرێت وەکو ئەوەی لە بودجەدا هاتووە بۆ هەرێمی کوردستان نانێردرێت. کێشەکە ئەوەیە، پابەندیی ورد نە بە دەستوور و نە ڕێککەوتنەکان هەیە.
“سوننەکان لە دوای 2003 ڕووبەڕووی دۆخێک بوونەوە پێیان قبووڵ نەدەکرا”
لەبارەی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ لایەنە سوننی و شیعییەکانیش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: پەیوەندییەکانمان لەگەڵ برایانی سوننە و شیعەش باشە. برایانی سوننە دوای ڕووخانی ڕژێم لە ساڵی 2003، ڕووبەڕووی دۆخێکی نوێ بوونەوە کە پێیان قبووڵ نەدەکرا، ئەو گۆڕانکارییەی ڕوویدا پێیان قبووڵ نەدەکرا. من زۆر هەوڵم لەگەڵیاندا، بەڵام ئێستا تێدەگەن ئەگەر ئەوکات گوێیان لەو پێشنیازانە گرتبا کە ئەوکات پێشکەشم کردن، ڕەنگە ئێستا دۆخەکە جیاوازتر بووایە.
“کاتی هەڵبژاردنی پێشوەخت نییە لە عێراق”
پەیوەست بە پرسی هەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق و بەڵێنی سوودانی لە کاتی ڕاگەیاندنی کارنامەی حکومەتەکەی، سەرۆک بارزانی بە دووری زانی هەڵبژاردنی پێشوەختە بکرێت، و ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد کە محەممەد شیاع سوودانی مافی خۆیەتی خۆی بۆ سەرۆکایەتیی حکومەت کاندید بکاتەوە، بەرنامەی حکومەتەکەش، بەرنامەی هاوپەیمانیی ئیدارەی دەوڵەتە و حکومەت جێبەجێی دەکات. هاوکات دۆخەکەش پێویستی بە هەڵبژاردنی پێشوەختە نییە و کاتێکی کەمی ماوە.
“ئامادەم دەستپێشخەری بۆ گەڕانەوەی سەدر بکەم”
سەرۆک بارزانی، باسی کشانەوەی موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانی شیعەی لە پرۆسەی سیاسی عێراق کرد و ڕایگەیاند: نەمدەویست ڕەوتی سەدر لە پڕۆسەی سیاسیی و پەرلەمان بکشێتەوە، چونکە کشانەوەیان بۆشایی دروست کرد، ئێستاش ئامادەم دەستپێشخەری بۆ گەڕانەوەی سەدر بکەم، ئەگەر ئەنجامی هەبێت.
“گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێک بووەتە عەیبەیەکی گەورە”
لەبارەی ئەو داخوازییانەی بۆ گۆڕینی یاسای هەڵبژاردنیش هەن، سەرۆک بارزانی پێیوایە، گۆڕینی یاسای هەڵبژاردن لەگەڵ هەموو هەڵبژاردنێک بووەتە عەیبەیەکی گەورە، لەگەڵ ئەو هەموو گۆڕانە خەڵکیش سەری لێ شێواوە، باشتر وایە لەسەر یەک یاسا بمێننەوە.
“جیاوازی هەیە لەنێوان پەکەکە و هێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران”
له بارهی ئۆپۆزیسیۆنی ئێران و تورکیا سەرۆک بارزانی، ئاماژەی بەو جیاوازییە کرد کە لە نێوان ئۆپۆزیسیۆنی ئێرانی و پەکەکەدا هەیە و ڕایگەیاند: ئۆپۆزیسیۆنی ئێران پێش 50 ساڵ هاتوونەتە عێراق، ئەوان دەستیان لە کاروباری ناوخۆیی هەرێم وەرنەداوە، ڕێزیان لە یاساکانی هەرێم گرتووە، هەندێک پێگەی سادەیان لەسەر سنوورەکان هەبوو، ئێرانییەکان پێیانوابوو ئەو پێگانە هەڕەشەن بۆ سەر ئەوان، ڕێککەوتنێکی سێ قۆڵی لە نێوان هەرێم و عێراق و ئێران کرا، بەوەی کە دەتوانین ئەو هێزانە لە ناوچانە بکشێنینەوە کاتێک قسەمان لەگەڵ حزبی دیموکرات و کۆمەڵە کرد، بەو پەڕی سنگفراوانی وەڵامیان دایەوە و بەرپرسیارانە هەڵسوکەوتیان کرد و کێشەکە کۆتایی هات. بەڵام پەکەکە پێیانوایە حوکمی ناوچەکە دەکەن، گوێڕایەڵی هەرێمی کوردستان نین و دانیشی پێدا نانێن، داواکارییەکانیش جێبەجێ ناکەن.
“پەیوەندییەکانمان لەگەڵ ئێران و تورکیا ئاسایین”
هەر لەبارەی پەکەکە، سەرۆک بارزانی ئەوەشی گوت: ئەگەر پەکەکە وەکو ئۆپۆزیسیۆنی ئێران مامەڵە بکەن لە 24 کاتژمێردا کێشەیان لەگەڵ تورکیادا چارە دەبێت. ئێران و تورکیا دراوسێی عێراق و هەرێمی کوردستانن، نزیکەی 300 کیۆمەتر سنوورمان لەگەڵ تورکیا و زیاتر لە 500 کیلۆمەتریش سنوورمان لەگەڵ ئێران هەیە، بێگومان ئێران و تورکیا دوو دەوڵەتی گرنگن لە ناوچەکەدا. بە هیچ شێوەیەک لە بەرژەوەندی ئێمەدا نییە گرژی لە پەیوەندییەکانماندا هەبێت و پەیوەندییەکانمان نائاسایی بێت. ئێستا پەیوەندییەکان بە ئاراستەیەکی باشتر هەنگاو دەنێن، لێکتێگەیشتنی ئاسایی هەیە. ئێستا دەتوانم ئەوە بڵێم پەیوەندییەکان ئاسایین لەگەڵ هەردوولادا.
“لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە پەلکێشی ئەو شەڕە بکرێت”
بە بڕوای سەرۆک بارزانی، لە بەرژەوەندیی عێراقدا نییە پەلکێشی ئەو شەڕە بکرێت کە ئێستا ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتووەتەوە و دەڵێت: بیرمەندان و حکومڕانان لە بەغدا ڕۆڵی خۆیان بینیوە، سەرۆکوەزیرانیش ڕۆڵی خۆی بینیوە، ئێمە لەلایەن خۆمانەوە بەپێی توانا یارمەتیمان داون. ڕاستیەکەی لە بەرژەوەندی عێراق دا نییە پەلکێشی ئەو شەڕە بکرێت، نازنم کێ لێی سوودمەند دەبێت، بەڵام ئەوە دەزانم کە زیانمەندی یەکەم عێراق دەبێت، دەکرێت زۆر لایەن هەبن سوودمەند بن لێی، بەڵام زیانمەندی گەورە عێراقە.
“داعش تا ئێستا هەڕەشەیە”
لەبارەی هێزەکانی هاوپەیمانان و هەڕەشەکانی داعش، سەرۆک بارزانی ڕایگەیاند: تا ئێستا داعش هەڕەشەیە، ئەگەر پێش ئامادەیی تەواوی هێزەکانی عێراق و پێشمەرگە، هاوپەیمانان بکشێنەوە، ڕەنگە داعش بگەڕێتەوە و بەهێزتریش بێت لەگەڵ 2014، تا ئێستە داعش ماوە و مەترسییەکی جیدییە. بەبێ پشتییوانی هاوپەیمانی نێوەدوڵەتیی نەماندەتوانی بەو شێوازە بەسەر داعش سەرکەوین، عێڕاق لە ڕووی سیستمی بەرگریی ئاسمانیی زۆر لاوازە یاخود هەر نییە، پێویستمان بە توانای ڕاستەقینەیە.