کۆمیسیۆنی باڵاى سەربەخۆى هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، لەم هەفتەیەدا ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان رادەگەیەنن.
عیماد جەمیل، سەرۆکی تیمی راگەیاندنی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان لە عێراق رایگەیاند، دواى رەتکردنەوەى تانەکان لەلایەن دەستەى دادوەریی هەڵبژاردنەوە، لەم هەفتەیەدا ئەنجامى کۆتایى هەڵبژاردنى خولى شەشەمى پەرلەمانى کوردستان رادەگەیەنن و سبەى بە فەرمى کاتەکەى دیاریی دەکەن.
ئەمەش لەکاتێکدایە، رۆژى 18ـى تشرینی دووەمی 2024، دەستەى دادوەریی هەڵبژاردن، سەرجەم تانەکانى لەبارەى هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان رەتکردەوە.
بەگوێرەى ئەنجامە بەراییەکان، پارتى دیموکراتى کوردستان 39 کورسى، یەکێتیى نیشتمانیى کوردستان 23 کورسى، جوڵانەوەى نەوەى نوێ 15 کورسى، یەکگرتووى ئیسلامى کوردستان 7 کورسى، بەربژێرانى پێکهاتەکان 5 کورسى، رەوتى هەڵوێستى نیشتمانى 4 کورسى، کۆمەڵى دادگەرى 3 کورسى، بەرەى گەل 2 کورسى، بزووتنەوەى گۆڕان و هاوپەیمانیى هەرێمى کوردستان هەریەکەو کورسىییەکیان بەدەستهێناوە.