له پێنجهمین کۆڕبەندی ئاسایش و ئاشتیی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ناسراو بە ‘مێپس’، ڕایگهیاند: “بە خۆشحاڵییەوە كە دوێنێ و پێرێ بوو، ئەو سەرژمێرییەی سەرتاسەری بوو لە عێراق، تەئكید كراوە و زەمانەتیش دراوە كە ئەمە هیچ مەبەستێكی سیاسی لە دوای نابێت و هیچ تەئسیرێكیشی نابێت لەسەر ناوچەكانی ماددەی 140، بەڵام ئەمە بەڕاستی بەرچاوڕوونییەكی زۆر دەبێت بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی بۆ ئەوەی پلانەكانی بە شێوەیەكی ڕێكوپێك و زانستییانە دابڕێژێت بۆ لەمەودوا.”
سهرۆك مهسعود بارزانى، لەبەشێکی دیکەی گوتارەکەی، ڕایگهیاند: “بەڕێزان دەمەوێ تۆزێك بە ڕاشكاوانە بێمە سەر بابەتی كێشەی نەتەوەی كورد، هەموومان دەزانین دوای جەنگی جیهانیی یەكەم، ئەو دابەشكردنەی كە سەرلەنوێ ئەنجام درا لە ناوچەكە، باوەڕ ناكەم بە دڵی هیچ كام بێت، هی نەتەوەیەك، نە عەرەب، نە كورد، نە تورك، نە فارس، واقیعێك بوو و فەرز كرا، بەڵام لێرەدا غەدر و زوڵمی گەورە بە بەر كورد كەوت. 100 ساڵ ئینكاری هەبوونی نەتەوەی كورد كرا، كوردیش 100 ساڵ بەرخودانی كرد، نە ئینكاری هەبوونی كورد، نە كوردیش توانی ئەو واقیعە بگۆڕێت، ئەمە چیمان پێ دەڵێ؟ دەڵێ دەبێ دانیشین و بیر لە چارەسەری ئاشتییانە و برایانە و ڕێز لە یەكتریكردن و یەكتری قەبووڵكردن بكەینەوە، ئەمەیە ڕێگەی ڕاست بۆ چارەسەری ئەم كێشەیە”.
ههروهها، گوتیشی: “تەبیعی ناكرێ ئێمە بڵێین ئەگەر لە پارچەیەك چارەسەرێك دۆزرایەوە دەبێ ئەمە ببێتە فۆتۆكۆپیی هەموو ناوچەكانی تر، هەر ناوچەیەك خسوسیەتی خۆی بۆ دروست بووە و دۆخی كوردستانی عێراق جیاوازە لەگەڵ پارچەكانی تر، بەڵام ئێمە زۆر زۆر خۆشحاڵین كە دەبینین دیسان دەنگوباسی پرۆسەی ئاشتی لە توركیا دەستی پێكردۆتەوە و لە هەر كوێیەك، هەر چارەسەرێك بۆ پرۆسەی ئاشتی، ئێمە بە هەموو توانایەك پشتگیری دەكەین و لەگەڵی دەبین”.
سەرۆک بارزانی، لە کۆڕبەندی مێپس لە دهۆک ڕایگەیاند: بەڕێزان تەحەدیات زۆرن، تیرۆر هێشتان تەحەدایەكی گەورەیە، بەڵام بە لای منەوە تەحەدای ئێستا لە هەمووی گەورەتر ئەو بڵاوبوونەوەی ماددەی هۆشبەرە لە ناوچەكە كە لە هەموو شتێك مەترسیدارترە و بەداخەوە ئێستا لە زۆر لای كە دەسەڵاتیان هەیە، دایدەپۆشن، كارخانە دروست دەكرێ بۆ دروستكردنی مەوادی هۆشبەر و ناتوانن هیچی لێ بكەن، بازرگانییەكی ئازادانەی پێ دەكرێ، ئەمە مەترسییەكی گەورەیە و ئەمە كوشتنی نەتەوەیەكە. لەبەر ئەوە من تەمەننا دەكەم، هەموو دەوڵەتان، هەموو لایەنەكان، هەرچی خۆی بە بەرپرسیار دەزانێ، بە جددی لەسەر ئەم بابەتە بوەستن و حەدێك بۆ ئەمە دابنرێ، پێش ئەوەی كە كارەسات لە كۆنتڕۆڵ دەربچێت.
له كۆتایی وتارهكهیدا، گوتی: “لە كۆتاییدا، بۆم دەركەوتووە لە تەجروبەی خۆم، ئەگەر بڕوامان بە خۆمان نەبێ، خۆمان نەبین، ئامادە نەبین بۆ هەموو فیداكارییەك، كەس ناتوانێت هیچمان بۆ بكات. لە كاتێكدا دۆستەكانی ئێمە دەتوانن پشتگیریی ئێمە بكەن، كە خۆشمان هەبین و بزانین چ دەكەین. لە هەمان كاتیشدا دەبێ واقیعبین بین و دەبێ بزانین هەنگاو بۆ كوێ دەنێین”.