پەرلەمانی عێراق کۆدەبێتەوە و سێ پڕۆژەیاسای تاوتوێ دەکات

بڕیارە کاژێر 13:00ـی ئەمڕۆ (یەکشەممە، 27-10-2024) کۆبوونەوەکەی پەرلەمانی عێراق دەستپێبکات.

کارنامەی دانیشتنی پەرلەمان لە شەش بڕگە پێکهاتووە، سێ پڕۆژەیاسا خراونەتە بەرنامەی کار؛ هەر پڕۆژەیاسایەکیان پێکهاتەیەکی سەرەکی پێداگیرە لەسەر تێپەڕاندنی.

دەنگدان بە پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، لە یەکەم بڕگەی دانیشتنەکە دانراوە. زۆرینەی زەوییەکان، خاوەنە رەسەنەکانیان کورد و تورکمانن. ئەو دوو پێکهاتەیە پێداگرن لەسەر تێپەڕاندنی.

بڕگەی دووەم تایبەتە بە دەنگدان بە پڕۆژەیاسای هەمواری یاسای باری کەسی، کە داواکاریی سەرەکیی شیعەکانە. هەروەها دەنگدان بە پرۆژەیاسای هەمواری دووەمی یاسای لێبوردنی گشتی، خراوەتە بڕگەی سێیەمی دانیشتنەکە، کە یەکێکە لە داواکاریی سوننەکان و پێشتر بۆ پێکهێنانی حکومەتی عێراق؛ خراوەتە بەرنامەی کارەوە.

پڕۆژەیاساى گەڕاندنەوەى ئەو خانوو و زەوییانە بۆ خاوەنەکانیان کە بە چەند بڕیارێکی ئەنجوومەنى سەرکردایەتیى شۆڕشى هەڵوەشاوە دەستیان بەسەردا گیراوە، خوێندنەوەی یەکەم و دووەمی بۆ کراوە و تەنیا دەنگدان ماوە، چەند جارێک خراوەتە بەرنامەی کاری پەرلەمانەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدرێت، بەڵام ئەو هەوڵە سەرکەوتوو نەبووە.

پڕۆژە بنچینەییەکە لە 5 مادە پێکهاتبوو و ئاماژەی بە هەڵوەشاندنەوەی 8 بڕیاری ئەنجوومەنی سەرکردایەتیی بەعس دەکرد، بەڵام لەکاتی گفتوگۆکاندا دەستکاری کرا و هەندێک بڕیاری دیکەی بۆ زیادکرا تاوەکو زۆرترین زەوی لە سنووری مادەی 140دا بگەڕێتەوە بۆ کورد و تورکمان.

پەرلەمانتارانی کورد باس لەوە دەکەن، ئەگەر ئەو پڕۆژەیاسایە پەسند بکرێت، زیاتر لە 300 هەزار دۆنم زەویی کورد و تورکمان لە کەرکووک دەگەڕێندرێتەوە بۆ خاوەنەکانیان، کە بەشێوەى بەناوکردن دەستیان بەسەردا گیراوە، نەوەک داگیرکردن یان کوژاندنەوە.

بەگوتەی شاخەوان عەبدوڵڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق، “بەبێ دەنگدان بەو پڕۆژەیە، هیچ دانیشتنێکی دیکەی پەرلەمان ناکرێت.”

رووداو

ھەواڵی زیاتر