پەرلەمانتارێکی عێراق: زانیاریی هەواڵگری هەیە ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر عێراق

ئەندامێکی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، دەڵێت: زانیاریی هەواڵگری هەیە ئیسرائیل ھێرش دەكاتە سەر عێراق، ھاوكات سەرچاوەیەك لە بەرەی موقاوەمەی عێراق ڕەتی دەكاتەوە، ھیچ یەك لە سەركردەكانی بەرەی موقاوەمە عێراقییان جێھێشتبێت. 

یاسر ئەسكەندەر، ئەندامی لێژنەی ئاسایش و بەرگریی پەرلەمانی عێراق، ڕایگەیاند، زانیاریی هەواڵگری هەیە، ئیسرائیل هێرش دەکاتە سەر چەند شوێنێکی ستراتیجی، ڕەنگە سەرکردەکانی حەشدی شەعبی یان هەندێک شوێن بێت لە پارێزگاكانی باشووری عێراق.

ئەو ئەندامەی لیژنەی ئاسایش و بەرگری، دەشڵێت، ئەوەی ڕوودەدات هەڵەیەکی ستراتیجی لە عێراق دەوروژێنێت، ئەمەش بە نەبوونی سیستەمی بەرگریی ئاسمانیی ڕاستەقینە کە توانای پاراستنی ئاسمانی هەبێت و مەترسییەکانی ئۆپەراسیۆنەکانی هێرشی ڕاستەوخۆ دوور بخاتەوە. 

لای خۆیەوە، سەرچاوەیەكی فەرمی لە دەستەی ھەماھەنگی بەرەی مەقاوەمەی عێراق، بە مێدیای عێراقی ڕاگەیاندووە، سەركردەی گرووپە چەكدارەكان ڕێوشوێنی ئەمنی و خۆپارێزییان گرتووەتەبەر، لەوانە، كەم كردنەوەی جموجۆڵ و بەكارھێنانی موبایل. ئاماژە بەوەش كراوە، لێدانی سەركردەی گرووپە چەكدارەكان ئەگەری زۆرە، بەتایبەتی لەژێر ڕۆشنایی ئەو لایەنانەی کە بەردەوامن لە ئۆپەراسیۆنەکانیان دژی ئیسرائیل، ھاوكات سەرچاوەكەی بەرەی مقاوەمە ڕەتی كردەوە ھیچ یەك لە سەركردەكانی گرووپە چەكدارەكان عێراقیان جێھێشتبێت. 

دوای کوژرانی حەسەن نەسروڵلا بە بۆمبارانی ئیسرائیل لە باشووری بەیرووت، بەرەی موقاوەمەی عێراق چەندین جار بە درۆن هێرشیان کردووەتە سەر ئیسرائیل و ڕۆژی 4ی ئەم مانگەش سوپای ئیسرائیل ڕایگەیاند، لە عێراقەوە بەدرۆن ھێرشیان كراوەتە سەر، كە كوژرانی دوو سەرباز و برینداربوونی زیاتر لە 20 سەربازی دیكەی لێ كەوتەوە.  

k24

ھەواڵی زیاتر