سەدا 95ـی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو کراون

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایگەیاند، سەدا 95ـی کارەکانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستانیان تەواو کردوون و هەموو ئامێرەکانی تایبەت بە پرۆسەی دەنگدان، ئامادە کراون.

پێنجشەممە، 03-10-2024، دادوەر عومەر ئەحمەد، سەرۆکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆنفرانسێکی ڕۆژنامەوانی لەبارەی دوایین ئامادەکارییەکانی کۆمیسیۆن بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان، بانگەشەی هەڵبژاردن، چاودێریی پرۆسەکە و چەند بابەتی دیکە، ساز کرد.

دەنگدانی گشتیی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ڕۆژی 20-10-2024 و دەنگدانی تایبەتیی پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی دیکەش، ڕۆژی 18-10-2024 بەڕێوە دەچێت. 136 لیست و 1,191 کاندیدی لایەنەکان و سەربەخۆ و کۆتاکان ڕکابەریى بۆ بەدەستهێنانى 100 کورسیی پەرلەمان دەکەن.

وەکوو ئەوەی دادوەر عومەر ئەحمەد باسی کرد، کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق، زیاتر لە 95%ـی کارەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تەواو کردووە و “لەو پەڕی ئامادەباشیدایە بۆ ئەوەی هەڵبژارندی پەرلەمانی کوردستان بە شێوەیەکی پاک و بێگەرد بەڕێوە ببات”.

سەرۆکی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق باسی لەوەش کرد “هەموو کەلوپەل و ئامێرەکانی تایبەت بە هەڵبژاردنەکە ئامادە کراون و کاغەزی دەنگدانیش بەسەر نووسینگەکانی کۆمیسیۆن لە پارێزگا و ئیدارە سەربەخۆوەکانی هەرێمی کوردستان دابەش کراوە”.

بە گوتەی دادوەر عومەر ئەحمەد “ژمارەیەکی زۆری کارتەکانی دەنگدان دابەش کراون و داوای لەو دەنگدەرانە کرد کە کارتەکانیان وەرنەگرتووەتەوە؛ سەردانی ناوەندەکانی تۆمارکردنی کۆمیسیۆن بکەن و کارتەکانیان وەربگرنەوە بۆ ئەوەی بتوانن بەشداریی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکەن.. “چونکە بەبێ کارتی بایۆمەتری، هیچ دەنگدەرێک ناتوانێت بەشداریی هەڵبژاردنەکە بکات”.

سەرۆکی کۆمیسیۆن گوتیشی: داوایان لە کونسوڵخانە و ڕێکخراوە ناوخۆیی و بیانییەکان کردووە؛ چاودێریی پرۆسەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان بکەن؛ تاوەکوو ئێستە نۆ کونسوڵخانە، هەشت ڕێکخراوی نێودەوڵەتی و ژمارەیەک ڕێکخراو و چاودێریی ناوخۆیی ئامادەیی خۆیان بۆ ئەو کارە نیشان داوە.

41 هەزار کارمەند پرۆسەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بەڕێوە دەبن. سەرۆکی کۆمیسیۆن ڕوونی کردەوە “دەستەی یەکەمی ئەو کارمەندانە ڕاهێنەکانیان تەواو کردووە و دەستەی دووەمیش بەم زووانە ڕاهێنەکان تەواو دەکەن و بە شێوەیەکی پیشەییانە و بەرپرسیاریانە هەڵبژاردنەکە بەڕێوە دەبەن”.

ھەواڵی زیاتر