وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری لە فراوانبوونی ئاڵۆزییەکان دەدات

وەزیری دەرەوەی عێراق هۆشداری دەدات لەوەی فراوانبوونی جەنگ ژینگەی لەبار بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەڕەخسێنێت.

شەممە 28ـی ئەیلوولی 2024 لە پۆستێکدا لە تۆڕی ئێکس، فواد حوسێن، جێگری سەرۆک وەزیران و وەزیری دەرەوەی عێراق ڕایگەیاند، فراوانبوونی بازنەی جەنگ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لێکەوتەی مەترسیداری دەبێت، لە سەرووی هەموویانەوە ژینگەیەکی لەبار بۆ ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان دەڕەخسێنێت تاوەکوو دەست بە جموجووڵی تیرۆریستییان بکەنەوە.

ئەمە لەکاتێکدایە، ئێوارەی دوێنێ هەیینی، 27ـی ئەیلوولی 2024 هێزی ئاسمانیی ئیسرائیل کۆبوونەوەیەکی حزبوڵلای لوبنانی بە سەرپەرشتیی حەسەن نەسروڵلا کردە ئامانج، لە ئەنجامدا حەسەن نەسروڵا و ژمارەیەک فەرماندەی باڵای حزبوڵڵا کوژران.

هێزەکانی ئیسرائیل لە بەرەبەیانی ڕۆژی دووشەممەی ڕابردووەوە، هێرشی ئاسمانی بۆ سەر ناوچەکانی باشوور و ڕۆژهەڵاتی لوبنان دەست پێ کرد، کە تاوەکو ئێستە زیاتر لە 500 کەس کوژراون و نزیکەی 1700 کەسیش بریندار بوون.

k24

ھەواڵی زیاتر