بەفەرمی کۆتایی دەهێندرێت بە ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانانی نێودەوڵەتی لە عێراق
ئەمریکا و عێراق راگەیێندراوێکی هاوبەشدا: لە 12 مانگدا ئەرکی سەربازیی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی کۆتایی دێت.
رۆژی هەینی، 27ـی ئەیلوولی 2024، لیژنەی باڵای سەربازیی هاوبەشی عێراق و ئەمریکا راگەیێندراوێکی هاوبەشییان بڵاوکردەوە و تێیدا ئاماژە بەوە دەکەن، ئەرکی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی لە عێراق دەگۆڕدریت بۆ “هاوبەشی ئەمنیی دوولایەنە” و پاڵپشتی لە بەهێزکردنی هێزە عێراقییەکان دەکات و بەردەوام دەبێت لە راوەدوونانی داعش.
لە راگەیێندراوەکە ئاماژە بەوەش کراوە، عێراق و ئەمریکا تاوەکو 2 ساڵی داهاتوو لە هاوئاهەنگییەکانیان بۆ رێگەگرتن لە بەهێزبوونەوەی داعش لە رۆژئاوای کوردستان و ناوچەکانی دیکەی ژێر دەسەڵاتی هەسەدە تاوەکو ئەیلوولی 2026 بەردەوام دەبن.
هەردوولا جەختیان لەوە کردووەتەوە کە تاوەکو هێزەکانی هاوپەیمانان لە عێراق دەکشێنەوە و رێکاری کشانەوەیان دیاری دەکرێت، دەبێت دڵنیایی لە سەلامەتی راوێژکارە سەربازییەکان بدرێت و ئاماژە بەوەش کراوە، رێکاری پراکتیکی بۆ ئەو مەبەستە گیراوەتەبەر.
لە راگەیێندراوەکەدا عێراق سوپاسی ئەمریکای کردووە لەبەرامبەر هاوکاریکردنی بۆ رووبەڕووبوونەوەی هەڕەشەکانی داعش؛ هەروەها ئەمریکاش سوپاسی هێزە عێراقییەکانی کردووە لەبەرامبەر رووبەڕووبوونەوەی داعش.
لەبارەی بوونی هێزەکانی ئەمریکا لە هەولێر، بەرپرسێکی باڵای سەربازیی ئەمریکا رایگەیاندووە، “بێگومان ئامادەییەکی بەرچاومان لەوێ هەیە و هاوبەشییەکی بەهێزمان لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستان هەیە.” ئەو بەرپرسە هەرێمی کوردستانیشی بە “پێگەیەکی زۆر بەرهەمدار” بۆ رووبەڕووبوونەوەی داعش ناوبردووە کە لێیەوە ئۆپەراسیۆنیان کردووە.
نزیکەی 2500 سەربازی ئەمریکی لە عێراق و هەرێمی کوردستان هەن؛ هەروەها 900 سەربازیش لە رۆژئاوای کوردستان و سووریان.