سەرۆك بارزانی: 20ی ئۆكتۆبەر سەركەوتنی گەورە تۆمار دەكەین

سەرۆک مەسعود بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەست پێ کردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان کە جێگرانی سەرۆکی پارتی و ئەندام و لایەنگرانی پارتی و کاندیدانی لیستی 190ـی پارتی، گوتی: ، هەرێمی کوردستان بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستان، گوتیشی: ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە.

چوارشەممە 25ـی ئەیلوولی 2024، سەرۆک بارزانی بارزانی لە ڕێوڕەسمی بە فەرمی دەستپێکردنی بانگەشەی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ هەڵبژاردنی خوولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان لە گوتارێکدا پیرۆزبایی لە گەڵی کوردستان کرد کە لە 25ـی ئەیلوول بڕیاریاریدا نەهێلی ئیرادەی بشکێت و خۆی نەچەماند کە ڕۆژی ڕیفراندۆم بوو.

سەرۆک بارزانی گوتی: لەم ڕۆژەدا بانگەشەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان دەستی پێکرد و هیوای سەرکەوتن بۆ کاندیدەکان دەکەم، پشت بەخوای گەورە و بە هیمەتی دڵسۆزانی کوردستان و بەفەرموودەی بارزانی نەمر، هەموو کوردێکی دڵسۆز پارتییە، بە هیمەتی پارتییەکان خۆمان ئامادە دەکەین بۆ ڕۆژی ئۆکتۆبەر و سەرکەوتنی گەورە بەدەستدێنین، دەبێت بڕاواتان بەخۆتان هەبێت و بە ئومێدی بەرزەوە و متمانەی بەهێزەوە خۆتان ئامادە بکەن، دەبێت زیاتر بڕاواتان بە سەرکەوتن هەبێت و، نابێت بیر لە شکست بکرێتەوە، پێویستە هەر یەکێک لە ئێوە خۆی ئامادە بکات سەر بکەوێت و سەریش دەکەوین پشتیوان بەخوا.

سەرۆک بارزانی گوتی: بۆ هەرێمی کوردستان کەس خێری پێ نەکردووین، ئەو هەرێمە بەرهەمی خوێنی شەهیدانە، خوێنی ئەنفالکراوانە، خوێنی پێشمەرگە قارەمانەکانە، ڕەنجی خەڵکی کوردستانە، پارتی شەڕەفێکی گەورەی بەرکەوتووە خوێنێکی زۆری داوە بۆ دەستخستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە و پاراستنی ئەو دەستکەوتە مەزنە.

سەرۆک بارزانی گوتیشی: من لێرەدا بە پێویستی دەزانم سوپاسی بێپایانی هاووڵاتیانی کوردستان بکەم بۆ خۆڕاگریان و پشتیوانیان بەرامبەر بەو پیلانانەی دەرەکی و بەچاوساغی هەندێک لەناوخۆ کە ویستیان هەرێمی کوردستان تێک بدەن، تەحەموولیان کرد و سەبری ئەیوبیان هەبوو ،خۆیان ڕاگرت و هەرێمەکەیان پاراست، سوپاسیان دەکەم و پیرۆزباییان لێدەکەم.

گوتی: پارتی بڕوای بە ئاشتی و دیموکراتی و پێکەوە ژیانە، بە کردەوە سەلماندوویەتی، نەوەک بە قسە، ئێمە مەبەست و ویستمانە خەڵکی بەختەوەر بێت، لە ژیانێکی خۆشدا بێت، ئێمە ئاواتمانە خۆشگوزارەنی خەڵکی کوردستان.

سەرۆک بارزانی گوتی: داوا دەکەم لەو هەڵبژاردنە زۆر لەسەرخۆ بن، دوور لە توندوتیژی، لە بەکارهێنانی زمانی زبر، ڕاتان نەکێشن بۆ شەڕێکی لا بەلا، سەنگی خۆتان و پارتەکەتان بپارێزن، زۆرجار وەڵام نەدانەوەی خەڵکی بێ مەسئولییەت وەڵامدانەوەیە، وەڵام نەدانەوە خۆی وەڵام دانەوەیە، ئەگەر پێویست بە وەڵام دانەوە بکات دەبێت بەشێوەیەکی مەدروس بێت، ئەگەر لە حاڵەتێک کە وەڵامێک پێویست بوو، ئەوەتان لەبیر نەچێت، ئەوەی زمانی درێژە، دەستی کورتە.

ھەواڵی زیاتر