بۆچی هەرێمی كوردستان زۆر پێشكەوتووترە لە عێراق؟ ژیریی دەستكرد وەڵام دەداتەوە

هەرێمی كوردستان لە رووەكانی ئاسایش، سەقامگیریی سیاسی و ژێرخانی ئابووریی خزمەتگوزارییەوە چەندان جار لەپێش عێراقەوەیە، ئەمە لە كاتێكدایە ئەو پارە زۆرەی لە بەردەستی عێراقدا بووە بە درێژایی ساڵەكانی دوای رژێمی سەدام حوسێن، چەندان جار زیاتر بووە لەو توانا داراییە كەمەی لە هەرێم هەبووە و بەردەوامیش ئاڵنگاریی نوێی دارایی لە دوای 2014ەوە  بۆ دروستكراوە لەلایەن خودی عێراقەوە. 

لەمیانی دیدارێكی ئەلیكترۆنیی لەگەڵ ژیریی دەستكردی chatgptدا تەكنەلۆجیا ژیرەكە گوتی، هەرێمی كوردستان بەراورد بە تەواوی ناوچەكانی تری عێراق بە پێشكەتووتر دادەنرێت، ئەمەیش بەهۆی چەند خاڵێكەوە كە هۆكارەكانی دیاری كردووە. 

بەپێی ژیریی دەستكرد، هۆكاری یەكەم بریتییە لە بەراوردی ئاسایش و سەقامگیری لە نێوان هەرێم و عێراق و روونی كردووەتەوە، هەرێمی كوردستان بەشێوەیەكی گشتی سەقامگیرتر و ئارامترە بەراورد بە تەواوى شارەكانی تری عێراق كە پڕیەتی لە توندوتیژی و رووداوی تری نەخوازراو، هەر ئەمەش وای كردووە كە گەشەی ئابووری و وەبەرهێنان لە هەرێمی كوردستان بەراورد بە عێراق لە پێشترە. 

لەبارەی عێراقیشەوە نووسیوویەتی، عێراق لەناو گێژاوی بەردەوامی سیاسی و توندوتیژیی مەزەوى و تیرۆر دایە، بە تایبەت لە ناوچەكانی وەك بەغدا، مووسڵ و ئەنبار. 

دووەم هۆكار كە لەلایەن تەكنەلۆجیا سەردەمییەكە ئاماژەی پێدراوە بریتییە لەوەی كە هەرێمی كوردستان لە رووی گەشەی ئابوورییەوە، گەشەی زۆری بەخۆیەوە بینیوە، بە تایبەت لە رووی گەشتوگوزار و كشتوكاڵەوە و ئاماژەیشی داوە كە هەرێمەكە وەبەرهێنانی بیانی زۆری بۆخۆی راكێشاوە و پێگە ئابوورییەكەیشی نەخشەرێگایەكە بەرەو سەربەخۆیی ئابووری. 

لەبارەی ئابووریی عێراقیشەوە روونی كردووەتەوە، ئابووریی عێراق پشتبەستنێكی زۆری هەیە بە تاكە سەرچاوەی داهات ئەویش نەوتە و بەراورد بە هەرێمی كوردستان كەمتر هەوڵەكانی بەرەو هەمەچەشنبوونی سەرچاوەكانی داهات هەنگاوی ناوە، ئەمەیش بەهۆی بوونی گەندەڵی و خراپیی ژێرخانی ئابووری و ململانێی بەردەوام، كە ئەمانە هەمووی ئاستەنگی گەورەن بۆ پێشكەوتنی ئابوورییەكەی.

حکومڕانی و سەقامگیریی سیاسی هۆكارێكی ترە كە ژیریی دەستكرد دیاری كردووە و ئاماژەی داوە هەرێمی كوردستانی عێراق سەقامگیریی سیاسیی تیایدا لە ئاستێكی زۆرباش دایە، لە كاتێكدا لە تەواوی دیمەنە سیاسییەكان زیاتر پەرتەوازەیی پێوەدیارە و بەبەردەوامی شەڕەناوخۆییە ساردەكان لەبارەی حكومڕانی و ململانێكان زۆرن و گەندەڵی بەربڵاوە و كاریگەریی لەسەر حكومڕانی وڵاتەكە دروست كردووە. 

چوارەم هۆكار بریتییە لە ژێرخان و خزمەتگوزارییەكان كە بەپێی ئەم تەكنەلۆجیا سەردەمییەكە سەرچاوەكەی ملیۆنان كتێب و وێبسایت و توێژینەوەی زانستی و هەواڵ و وتارە، هەرێمی كوردستان ژێرخان و خزمەتگوزارییە گشتییەكانی وەك چاودێری تەندروستی و پەروەردە و ژێرخانی ئابووری باشتر پەرەپێداوە، هەرچەندە هێشتایش پێویستی بە پێشكەوتنی زیاتر هەیە، بەڵام ناوچە شارییەكانی وەك هەولێر و سلێمانی مۆدێرنترین و پێشكەوتووترینن لە رووی ژێرخان و خزمەتگوزارییەوە، ئەمە لە كاتێكدایە لە تەواوی ناوچەكانی تری عێراقەوە وڵاتەكە دەناڵێنێت بە دەست خراپیی ژێرخان و ناتەواویی خزمەتگوزارییە گشتییەكان. 

ژیریی دەستكرد ئاماژەی كردووە كە زۆرینەی ناوچەكانی عێراق تا ئێستەیش بەدەست كاریگەرییەكانی شەڕ و تیرۆر و پشتگوێخستنەوە دەناڵێنن، هەرچەندە لە هەندێك بواردا بە نموونەی شارێكی وەك بەغدای پایتەخت بەشێوەیەكی رێژەیی زاڵبوون بەسەر ئەم بەربەستانە بەدی دەكرێت. 

پێنجەم هۆكار كە هەرێم بە پێشكەوتووتر دادەنرێت لە عێراق پێوانەكردنییەتی لە رووی ماف و ئازادییەكانی مرۆڤەوە، كە بەپێی ئەم تەكنەلۆجیایە بەراورد بە تەواوی ناوچەكانی تری عێراق دیموكراسییەت و مافی مرۆڤ و ئازادی رۆژنامەگەری و پاراستنی مافی كەمینەكان لە هەرێمی كوردستان زۆر لە پێش عێراقەوەیە، روونی كردووەتەوە لە عێراق بە هۆكاریی كێشە بەردەوامەكانی پەیوەست بە توندوتیژی مەزەوى و جیاكاریی و سنوورداركردنی ئازادییەكان، لە رووی پرەنسیبەكانی مافی مرۆڤ و ئازادییەكانەوە عێراقی بردووەتە دواوەی هەرێم لە رووی پێشكەوتنەوە. 

لە كۆتاییدا چاتی ژیریی دەستكردی chatgpt وەك دەرەنجام و وەبیرهێنانەوەیەك دووپاتی كردووەتەوە، لەكاتێكدا هەرێمی كوردستان لە رووی ئاسایش و گەشەپێدانی ئابووریی حكومڕانییەوە بە پێشكەوتووتر دادەنرێت لە عێراق، بەڵام هێشتا رووبەرووی ئاڵنگاریی بەرچاو بووەتەوە و ئاماژەیشی داوە كە تەواوی عێراق هەرچەندە زۆر دەوڵەمەندە بە سەرچاوەی داراییەوە، بەڵام بە دەست ناسەقامگیریی سیاسی و گەندەڵی و گەشەنەكردنی زۆرەوە دەناڵێنێت. 

جێگەی وەبیرهێنانەوەیە، ژیریی دەستكردی chatgpt لەلایەن كۆمپانیای open Ai پەرەی پێدراوە و لەسەر بنەمای دەیان ملیۆن كتێب و سەرچاوەی زانستی، توێژینەوە، راپۆرت و بەدواداچوونی رۆژنامەوانی، داتا فەرمییەكانی رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، وتار و هەواڵی رۆژانە بۆچوون و وەڵامەكانی دەخاتە بەر دەست.

ژێدەر

وشە

ھەواڵی زیاتر