لەبارەی دابەشکردنی بەشەخۆراكی مانگانە روونكردنەوە دەدرێت

زانیاری لەبارەی دابەشكردنی بەشەئاردی حەوتەم و بەشەخۆراكی شەشەمی ئەمساڵ ئاشكرا کرێت و داواكارییەكیش لە هاووڵاتییان و بریكارەكانی خۆراك دەكرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، ڕایگەیاند: “بەشەئاردی شەشەم بەتەواوی دابەش كرا و ئامادەكارییەكانی دابەشكردنی بەشەئاردی حەوتەمیش دەستی پێكردووە.”

ئاماژەی بەوەش دا: “بۆ بەشەئاردی حەوتەمی ئەمساڵ، لیست بەسەر بریكارەكان دابەش كراوە و گەنم لە سایلۆكان بۆ ئاشەكان نێردراوە، لەم هەفتەیەدا ئارد دەگاتە لای بریكارەكانی ئارد و بەسەر هاووڵاتییاندا دابەش دەكرێت، كە بۆ هەر كەسێك نۆ كیلۆ ئاردە.”

بەگشتی، هەرێمی كوردستان بۆ بەشەخۆراكی مانگانە، ساڵانە پێویستی بە نزیكەی 650 هەزار تۆن ئارد دەبێ.

بەرپرسەكەی وەزارەتی بازرگانی ئاشكراشی كرد: “ئەو بەشەئاردانەی ئەمساڵ دابەش كراون، پشکنینیان بۆ کراوە و تاقی کراونەتەوە و نانێکی جوانیان لێ دروست بووە، ئاردێک باش نەبێت دابەش ناکرێت.”

لەلایەکی دیكەوە، دلێر عەبدولواحید، بەڕێوەبەری دابەشکردنی خۆراک لە هەولێر، ڕایگەیاند: “بەشەخۆراكی شەشەمی ئەمساڵ بەردەوامە و لە هەموو ناوچەكان دەست بە دابەشكردنی كراوە.”

ئاماژەی بەوەش دا: “بەشەخۆراكەكە وەكوو خۆیەتی، تەنیا برنج، كە پێش دوو مانگ بۆ هەر كەسێك بۆ دوو كیلۆ و 500 گرام كەم كرابوویەوە، ئێستا بووەتەوە بە سێ كیلۆ گرام و شەكر و نیسك و دۆشاوی تەماتە و زەیت وەكوو پێشوون.”

ئەوەشی خستە ڕوو، كە داواكارییەكیان لە بریكارەكان هەیە، گوتی: “سیستەمی پارەدانی بریكارەكان لە كاشەوە گۆڕدراوە بۆ ڤیزە كارت و بەبێ ڤیزە كارت ناتوانین پارە لە بریكارەكان وەربگرین و لیستی خۆراكیان پێ بدەین و خۆراكیان پێ نادرێت، بۆیە دەبێت رێكاری ڤیزە وەكوو خۆی جێبەجێ بكێت.”

بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی جەختی كردەوە، هەموو ئەو مادانەی خۆراك، كە دەگەنە كۆگاكانیان، دوای پشكنین، بەسەر بریكارەكانی خۆراك دابەش دەكرێن.

بەرپرسكەی وەزارەتی بازرگانی داواكاریی لە هاووڵاتییان هەیە و دەڵێت: “بەهۆی گەرمای بەتینی هاوین و نەبوونی ساردکەرەوەی پێویست لە دووکان و كۆگای بریکارەکاندا، داوا لە هاووڵاتییان دەکەین زوو سەردانی بریکارەکانی خۆراك بکەن و بەشەئارد و خۆراكەكانیان وەربگرن.”

ژێدەر

باسنیوس

ھەواڵی زیاتر