ئەمشەو لەماڵی حەلبوسی چی ڕوویدا؟

بەشێک لە لایەنە سیاسییەکانی کەرکووک لە ماڵی محەممەد حەلبووسی لە بەغدا کۆبوونەوە و لەسەر دابەشکردنی پۆستەکانی کەرکووک ڕێککەوتن.

دوای هەشت مانگ لە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاکان، شەوی ڕابردوو لە بەغدا ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە ئامادەبوونی نۆ ئەندام لە کۆی 16 ئەندام کۆبووەوە، تێیدا ڕێبوار تەها لە پشکی یەکێتی وەک پارێزگار و محەممەد حافز لە پێکهاتەی عەرەب (هاوپەیمانی قیادە) وەک سەرۆکی  ئەنجوومەنی پارێزگا  هەڵبژێردران. کۆبوونەوەکە لەلایەن سێ لایەن (پارتی دیموکراتی کوردستان، پێکهاتەی تورکمان و هاوپەیمانیی عەرەبی)  بایکۆت کرا.

نەمجۆرەش دوو ساڵ جارێک پۆستی پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەن لەنێوان کورد و عەرەبدا ئاڵوگۆڕیان پێدەکرێت، لە دوو ساڵی یەکەمدا پۆستی پارێزگار لای یەکێتی دەبێت، پۆستەکانی جێگری یەکەمی پارێزگار، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، قائیمقامی کەرکووک و 17 پۆستی تریش دەدرێن بە پێکهاتەی تورکمان.

لەمبارەیەوە، ئایدن مەعروف ئەندامی مەکتەبی سیاسی بەرەی تورکمانی گوتی: “هەڵبژاردن بۆ پارێزگار و جێگری پارێزگار و سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک لە بەغدا نایاسایی بوو، ئێمە وەک بەرەی تورکمانی سکاڵا تۆمار دەکەین و ئەنجامەکەش قبوڵ ناکەین”.

لەلایەکی دیکەوە، ڕاکان سەعید، پارێزگاری بەوەکالەت و سەرۆکی کاتی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک ڕایگەیاند، “کۆبوونەوەکە نایاسایی بوو، چونکە من وەک سەرۆکی کاتی داوای کۆبوونەوەم نەکردووە، هاوکات بەشێک لە پێکهاتەی عەرەبیش کە بەشدارییان کرد، خیانەتیان کرد و بۆ بەرژەوەندی کەسی خۆیان ڕێککەوتنی ژێربەژێریان کرد، جەختیش دەکەینەوە کە بۆ بەدەستهێنانی مافەکانی عەرەب لە کەرکووک هەموو ڕێکارێکی یاسایی دەگرینەبەر”.

ژێدەر

ئاڤا

ھەواڵی زیاتر