پەیامی مەسرور بارزانی لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان

مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە ساڵیادی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

ئەمە دەقی پەیامەکەیە:

لە ساڵڤەگەڕی جێنۆسایدکردنی بارزانییەکان، بە ڕێز و شکۆوە یادی هەموو قوربانییانی ئەو شاڵاوە ڕەگەزپەرستانەیە دەکەینەوە، کە لەلایەن ڕژێمی بەعسەوە، ڕووبەڕووی هۆڤانەترین تاوانی پاکتاوکردن بوونەوە، کە دەستپێکێک بوو بۆ شاڵاوەکانی دیکەی ئەنفال، لە ناوچەکانی گەرمیان و بادینان و کیمیابارانکردنی هەڵەبجە و کۆمەڵکوژیی ناوچەکانی دیکەی کوردستان.

دەڤەری بارزان هەمیشە مەڵبەندی شۆڕش و ڕاپەڕین و تێکۆشان بووە، لەپێناو بەرگریکردن لە مافەکانی گەلی کوردستان، بۆیە دووچاری چەندین شاڵاوی وێرانکردن و سووتاندن و کۆمەڵکوژی بووەتەوە، بەڵام دوژمنان هەرگیز نەیانتوانیوە گیانی خۆڕاگری و خواست و ویستی ئازادیخوازانەی خەڵکەکەی لەناوببەن. تا ئەمڕۆش دەڤەری بارزان، ناوەند و مەکۆی داکۆکیکردنە لە ماف و داخوازییە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلی کوردستان.

حکومەتی هەرێمی کوردستان لە گفتوگۆ و دانوستانەکانیدا لەگەڵ حکومەتی فیدراڵ، هەمیشە پێداگرە لەسەر ئەوەی دەبێت بنەماڵە و کەسوکاری قوربانییانی دەستی ڕژێمی پێشووی عێراق، بە شێوەیەکی شایستە، قەرەبووی ماددی و مەعنەوی بکرێنەوە.

لەم بۆنە خەمناکەدا، ڕێز و پێزانینمان بۆ خەڵکی کوردستان بەگشتی و خەڵکی هەولێر و دەوروبەری بەتایبەتی هەیە، کە جوامێرانە بە هانای کەسوکاری لێقەوماوی بارزانییەکانەوە چوون و هاوکارییان کردن.

سەری ڕێز و نەوازش بۆ شەهیدانی ئەنفالکراوی بارزانییەکان و سەرجەم شەهیدانی کوردستان دادەنوێنین و هەمیشە لەیادمانن.

مەسرور بارزانی
سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان

ھەواڵی زیاتر