پارەی گەنمی بەشێكی دیكەی جووتیاران دابەشدەکرێت

بەغداوە بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە و بەمزوانە دابەشدەکرێت.

نەوزاد شێخ کامیل، بەڕێوەبەری گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێم، رایگەیاند: “لە بەغداوە بەشێكی دیكەی پارەی گەنمی جووتیاران بۆ هەرێمی كوردستان نێردراوە، كە بڕەكەی 10 ملیار دینارە، سێ ملیار دیناری بۆ هەولێرە، پێنج ملیار دیناری بۆ سلێمانییە و دوو ملیار دیناریشی بۆ دهۆكە.”

ئاماژەی بەوەشدا: “رێكارە كارگێڕی و داراییەكانی دابەشكردنی ئەو 10 ملیار دینارە بەرەو تەواو بوونە و لەم هەفتەیەدا دەست بە دابەشكردنی چەكەكان دەكرێت.”

هەفتەی رابردوودا، چەند رۆژێك دابەشكردنی پارەی گەنمی جووتیاران راگیرابوو

لەبارەی هۆكارەكەیەوە، نەوزاد شێخ كامیل، وتی: “ئەو پارەیەی دێت بەردەوام دابەش دەكرێت، بەڵام كاتێك پارە دەخرێتە سەر هەژماری وەزارەتمان، دواتر چەك دەكرێت و چەكەكانیش كاتیان دەوێت تاوەكوو ئامادە دەكرێن و پەسەند دەكرێت، بەڵام دڵنیایی دەدەین، پارەی گەنمی جووتیاران زۆر بە رێكوپێكی دابەش دەكرێت و كێشەی نییە.”

بۆ هەر یەك تۆن گەنم بڕی 850 هەزار دینار دەدرێت و حکوومەتی عێراق بڕیاری داوە 700 هەزار تۆن گەنمی جووتیارانی هەرێمی کوردستان وەربگرێ.

ھەواڵی زیاتر