فەرمانبەران لەبارەی پڕكردنەوەی فۆڕمی زەوی ئاگادار دەكرێنەوە

وەزارەتی شارەوانی هۆشداری بەو فەرمانبەرانە دەدات، ئەوەی سوودمەند بووبێـت و فۆڕم پڕ بكاتەوە: “سزای زیندانی و سزای دارایی دەدرێت.”

بەپێی رێنوێنیی وەزارەتی شارەوانی، كە لە فۆڕمی دابەشكردنی زەوی بۆ وەزارەت و فەرمانگەكان نێردراوە، تیایدا بڕگەیەك هەیە و ئاماژە بەو فەرمانبەر و خانەشینانە دراوە، كە پێشووتر لە زەوی و خانووی حكوومەت سوودمەند بوون و فۆڕم پڕ بكەنەوە سزایەكی توندیان بۆ دیاری كراوە.

لە رێنوێنییەكەدا هاتووە: “هەر فەرمانبەر و خانەنشینێك پێشتر لە دەوڵەت لە زەوی و خانوو سوودمەند بووبێت و فۆرم پڕ بكاتەوە، زیندانی دەكرێت، كە لە شەش مانگ كەمتر نەبێت و لە دوو ساڵ زیاتر نەبێت.”

هەروەها ئەوەش هاتووە: “جگە لە زیندانی، سزای داراییش دەدرێت، كە لە سێ ملیۆن دینار كەمتر نەبێت.”

وەزارەتی شارەوانی جەختی كردووەتەوە، ئەوەی پێچەوانەی یاسا فۆڕم پڕ بكاتەوە، وێرای ئەو دوو سزایە، زەوییەكەی كە بۆی ترخان كراوە لێی وەردەگیرێتەوە، هاتووە: “زەوییەكەی لێ دەسەندرێتەوە و دووبارە بەناوی دەوڵەت دەكرێتەوە.”

ڕۆژی 27ی03ی2024، ئەنجوومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان بڕیاری دا بە پێدانی زەوی بەو فەرمانبەرانەی، کە سوودمەند نەبوونە و لە رۆژی 31ی5ی2024، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنیی ژمارە 2ی ساڵی 2024ی دابەشكردنی زەوی بەسەر فەرمانبەران لە رۆژنامەی وەقایعی رەسمیی كوردستان بڵاو كردەوە.

ھەواڵی زیاتر