مەسرور بارزانی: ئێزیدییەکان پێکهاتەیەکی ڕەسەنی گەلی کوردستانن

ئەمڕۆ سێشەممە، 02-07-2024، بە ئامادەبوونی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، ڕێوڕەسمی ڕاگەیاندنی بەرنامەی پاڵپشتی دارایی بۆ ڕزگاربووانی دەستی تیرۆریستانی داعش لە هۆڵی سەعد عەبدوڵلا، لە شاری هەولێر بەڕێوە چووە. 

بەشێکی گوتاری سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لەمیانی رێوڕەسمە:

بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان

ئامادەبووانی بەڕێز، خوشکانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش ڕۆژتان باش و زۆر زۆر بەخێر بێن.

ئەمڕۆ، شەرەفمەندین  کە ڕێز لە قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی تیرۆریستانی داعش دەگرین. ئەگەر چی ئەمساڵ یادی 10 ساڵەی کۆمەڵکوژیی شنگال و دەوروبەری دەکەینەوە، بەڵام بەداخەوە ئێش و ئازار و مەینەتییەکانی خوشک و برایانی ئێزدیمان لە دەڤەری شنگال، دوای تێپەڕبوونی 10 ساڵ بەسەر ئەو کارەساتە، هێشتا کۆتایی نەهاتوون.

ئەمڕۆ لێرە بە ڕێز، شکۆ و پێزانینێکی زۆرەوە یادی هەموو قوربانیانی ئەو کۆمەڵکوژییەی دەستی تیرۆریستانی داعش لە خوشک و برایانی ئێزدی دەکەینەوە. هەروەها بە پێزانینێکی زۆرەوە یادی خۆڕاگری، قارەمانییەتی و قوربانیدانی هێزی پێشمەرگەی کوردستان دەکەینەوە کە بە ڕێبەرایەتیی جەنابی سەرۆک بارزانی تیرۆریستانی داعشیان تێکشکاند و شنگالیان ڕزگار کرد.

دوای 10 ساڵ لەم کارەسات و کۆمەڵکوژییە، هێشتا بارودۆخی دەڤەری شنگال ئاسایی نەبووەتەوە. هەروەها بەهۆی خۆسەپێنی و گرووپە چەکدارە نایاساییەکانەوە، خوشک و برا ئێزدییەکانمان لە کەمپەکاندا ماونەتەوە و نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ شوێنەکانیان و بەم هۆیشەوە تا ئێستا ناوچەکانیان ئاوەدان نەکراوەتەوە.

لەم بۆنەیەدا، پشتیوانیی خۆمان بۆ داخوازییە ڕەواکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان دووپات دەکەینەوە و پێویستە کۆتایی بە دۆخی نائاسایی شنگال بهێنرێت و ڕێککەوتنامەی شنگال وەکوو خۆی جێبەجێ بکرێت و دۆخی ئەو ناوچەیە ئاسایی بکرێتەوە بۆ ئەوەی بە هاوکاریی حکوومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، بتوانین دەڤەرەکە ئاوەدان بکەینەوە و دەسەڵاتی ناوچەکەش بگەڕێتەوە دەستی خەڵکی ڕەسەنی شنگال.

ئامادەبووانی بەڕێز، حکوومەتی هەرێمی کوردستان هەنگاوی باشی ناوە بۆ سووککردنەوەی ئازارەکانی کەسوکاری قوربانیانی دەستی تیرۆریستانی داعش. هەروەها ڕۆڵێکی گرنگ و بەرچاوی بینیوە لە ئازادکردنی ژمارەیەکی زۆری ڕفێندراوانی ئێزدی و پێکهاتەکانی تر لە دەستی تیرۆریستانی داعش و لە هەوڵەکانیشی بەردەوام دەبێت بۆ زانینی چارەنووسی هەموو ئەوانەی تا ئێستا چارەنووسیان دیار نییە.

هەروەها حکوومەتی هەرێمی کوردستان کاری کردووە بۆ بەجینۆسایدناساندنی تاوانەکانی داعش وەک تاوانی جەنگ، بۆ ئەم مەبەستە بە پشتیوانیی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بۆ لێپێچینەوە لە تاوانەکانی داعش، داوامان کرد دادگایەکی تایبەتمەند دابمەزرێت بۆ دادگاییکردنی تیرۆریستانی داعش لەسەر تاوانە نێودەوڵەتییەکانیان، بەڵام بەداخەوە ئەم هەوڵانە تا ئێستاش لە ئاستی فیدراڵیدا وەکوو پێویست پێشوازیی لێ نەکراوە.

دەستخۆشیی لە هەموو ئەو وڵاتانە دەکەین کە تاوانەکانی تیرۆریستانی داعشیان لە دژی کوردانی ئێزدی بە فەرمی بەجینۆساید ناساندووە. هیوادارین کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی، هاوکار و یارمەتیدەرمان بێت لە کەمکردنەوەی ئێش و ئازارەکانی خوشک و برا ئێزدییەکانمان و گەڕاندنەوەی ئاوارەکان بۆ شوێنەکانیان بە سەربەرزی و ئازادی.  

بەڕێزان،

قوربانیانی ڕزگاربووی دەستی داعش، وێڕای ئەو هەموو ئێش و ئازار و نەهامەتییەی ڕووبەڕوویان بووەوە، بەڵام جێگەی خۆشحاڵی و شانازییە کە ئەوان خۆڕاگرانە بەردەوامن لە هەوڵ، کارکردن و کۆڵنەدان لە پێناو درێژەدان بە ژیان؛ زۆریشیان بوونەتە نموونە و سیمبولی لێهاتوویی و چیڕۆکێکی ئیلهامبەخش لە خۆڕاگری و سەرکەوتن.

ھەواڵی زیاتر