وەزارەتی دارایی عێراق، زیاتر لە 232 ملیار دیناری مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی خەرجکرد.
بەگوێرەی زانیاریەکان، وەزارەتی دارایی عێراق ئەمڕۆ (سێشەممە، 2-7-2024)بڕی 184 ملیار و، 338 ملیۆن و 216 هەزار دیناری وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی خانەنشینانی مەدەنی و مووچەی خانەنشیانی سەربازی بۆ مانگی ئایار و حوزەیران خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەروەها وەزارەتی دارایی عێراق هەر ئەمڕۆ بڕی 10 ملیار و 191 ملیۆن دیناری مووچەی مانگی حوزەیرانی مووچەخۆرانی چاودێری کۆمەڵایەتی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە بانکی ناوەندیی عێراق.
وەزارەتی دارایی عێراق بڕی 37 ملیار و 755 ملیۆن و 156 هەزار دیناریشی وەکو مووچەی مانگی حوزەیرانی کەسوکاری ئەنفالکراوان و کیماباران و زیندانیانی سیاسی خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان لە لقی هەولێری بانکی ناوەندیی عێراق.
هەر ئەمڕۆ سەرچاوەیەک لە حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە راگەیاندنی لیستی مووچە گوتی: “لیستی مووچە بەپێی ئەو شوێنانە رادەگەیێندرێت، کە وەزارەتی دارایی عێراق پارەکەی بۆ خەرجکردوون.”
ژێدەر
رووداو