مەسرور بارزانی بەنداوی چەمرگەی دەکاتەوە

مەسرور بارزانی: “زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین، چونکە بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە”.

 ئەمڕۆ سێشەممە 6/25، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان،  لە ڕێورەسێکدا، (بەنداوی چەمرگە)ی لە سنووری قەزای قوشتەپەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردەوە. 

دوای بەسەرکردنەوەی بەشەکانی بەنداوەکە ، سەرۆکی حکومەت لە گوتەیەکدا باسی لەوە کرد کە لە کابینەی نۆیەمدا، گرنگییەکی زۆر بە بابەتی پاراستنی سامانی ئاو و  دروستکردنی بەنداو و پۆند دراوە و لەم ڕووەوە، چەند پڕۆژەیەکمان لە سەر تاسەری کوردستان ئەنجامداوە و بەردەوامیش دەبین کە بێگومان سوودێکی زۆر و جۆراوجۆری دەبێت . 

سەرۆکی حکومەت هەروەها ئاماژەی بەوە کرد کە ئەو بەنداوانە لەلایەکەوە دەتوانن ئاو گلبدەنەوە و دەکرێ بۆ مەبەستی بەكارهێنانی كشتوكاڵی سوودێکی زۆریان لێ وەربگیرێت و هەندێكجاریش بەنداوە گەورەكان بۆ بابەتی بەهەرمهێنانی وزە و کارەباش بەکار دەهێنرێن . هەروەها لە ڕووی گەشتیاریشەوە دیمەنێکی جوان بە ناوچەکە دەبەخشن و خەڵک کاتێکی خۆشی تێدا بەسەر دەبەن. لە لایەکی دیکەش بەنداوەکان دەتوانن مەترسی دروستبوونی لافاو و زیانگەیاندن بە زەوی و زار کەم بکەنەوە .

سەرۆکی حکومەت جەختیشی لەوە کردەوە کە زۆر گرنگە سوود لە ئاوی سەر زەوی وەربگیرێت و ئاوی ژێر زەوی زۆر بەکار نەهێنین ، چونکە بە داخەوە خەریکە ئاوی ژێر زەوی لە هەرێمی کوردستان، بە ڕێژەیەکی مەترسیدار دەچێتە خوارەوە. گوتیشی سامانی ئاو و سامانە سروشتییەکان تەنیا هی ئێمە نین بەڵکو هی نەوەکانی داهاتووشن ، بۆیە دەبێ پارێزگاری لێ بکەین .

سەرۆکی حکومەت دووپاتی کردەوە کە بە پێی بەرنامەی حکومەت کارمان کردووە کە باشترین شێوە، سوود لە سامانی ئاو وەربگرین. جێی دڵخۆشیە کە بەنداوی چەمرگە تەواو بووە و لە زۆر شوێنی دیکەش ، بەنداوی دیکە هەن کە تەواو دەبن و هەندێکیشیان تەواو بوون و دروستكردنی ئەم بەنداوانە بەردەوام دەبێت بۆ ئەوەی بە شێوەیەکی زانستیانە سوود لە سامانی ئاو وەربگیرێت. 

بەنداوی چەمەرگە بە گوژمەی چوار ملیار و سێسەد ملیۆن دینار لە سەر بودجەی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بە توانا و شارەزایی ناوخۆیی و بە پێی پێوەر و ستانداردە جیهانییەکان دروستکراوە. بەرزی بەنداوەکە 17.5م  و درێژییەکەشی 262 م و پانیەکەشی 8 م crest ە.

ھەواڵی زیاتر