وەزارەتی دارایی عێراق بەشێکی مووچەی مانگی ئاداری نارد

وەزارەتی دارایی عێراق دەڵێت، مووچەی مانگی ئاداری مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان خەرج  دەکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەممە، 04-04-2024، وەزارەتی دارایی عێراق لە راگەیەندراوێکدا رایگەیاند، بە پشتبەستن بە ڕێنماییەکانی محەممەد شیاع سوودانی، سەرۆکوزیرانی عێراق و ڕەزامەندی تەیف سامی، وەزیری دارایی؛ بەشی ژمێریاری وەزارەتی دارایی دەستیکرد بە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئادار (سێ)ـی کەمئەندامان لە بەڕێوەبەرایەتییەکانی تۆڕی پاراستنی کۆمەڵایەتی و چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی، مووچەی خانەنشینانی مەدەنی و سەربازی، شایستە داراییەکانی کاروباری شەهیدان و ئەنفال، گرێبەستەکان و شایستە داراییەکانی فەرمانگەکانی هەرێمی کوردستان.

لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، وەزارەتی دارایی عێراق دادگای باڵای فیدراڵی و دیوانی چاودێریی دارایی لە خەرجکردنی مووچەی مانگی ئاداری فەرمانبەرانی هەرێمی کوردستان ئاگادارکردووەتەوە، “بەوپێیەی تەواوکردنی میکانیزمی خۆجێیکردنی (تەوتینکردن)ـی مووچەکانیان پێویستی بە ماوەیەکی زیاتر هەیە”.

ئەمە لە کاتێکدایە، دوێنێ چوارشەممە، 03-04-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پەیامێکدا رایگەیاند، “دوای هەوڵ و کۆششێکی زۆر، بە هاوکاریی هەردوو تیمی سەرۆکوەزیرانی حکوومەتی فیدراڵ و تیمی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، توانرا چارەیەکی گونجاو بۆ کێشەی خەرجکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێم دابنرێت”.

هەر لەدوای ئەوەش، بەڕێوەبەری گشتیی ژمێرکاری لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان گوتی، بەشێکی  مووچەی مانگی سێ گەیشتووە و بە زووترین کات دەست بە دابەشکردنی مووچەکە دەکرێت.

ھەواڵی زیاتر