ئەندامێکی دادگەی فیدراڵی دەست لەکار دەکێشێتەوە
حاکم عەبدولڕەحمان سلێمان، ئەندامی دادگەی فیدراڵیی عێراق ئەمڕۆ دەستی لە کارکێشایەوە و رایگەیاند و گوتی: “هەندێک لە بڕیارەکانی دادگە لە چوارچێوەی کاری دادگە دەرچوونە.”
حاکم عەبدولرەحمان سلێمان دادوەرێکی کوردی دادگەی باڵای فیدراڵی، دوای سێ ساڵ لە کارکردن وەک دادوەر لە دادگەی باڵای فیدراڵی، ئەمڕۆ (سێشەممە، 12-3-2024) لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە هەولێر دەستلەکارکێشانەوەی خۆی راگەیاند.
لە بەشێکی دیکەی گوتەکانیدا حاکم عەبدولرەحمان سلێمان جەختی کردەوە لەوەی “هەندێک جار دادگە سیستەمی فیدراڵیی عێراقی پێشێل کردووە.” نەشیشاردەوە “رۆڵی ئێمە وەک نوێنەری هەرێمی کوردستان لە دادگەی فیدراڵی لاوازکرا.”
سەبارەت بە هەرێمی کوردستانیش، گوتی “هەرێمی کوردستان تاکە هەرێمە کە لە چوارچێوەی دەستوور دانی پێدانراوە و رۆڵی هەبوو لە نووسینەوەی دەستوور بۆ گەلانی عێراق.” بەڵام وەک دەڵێ “نەمتوانی لە دادگەی فیدراڵی، بەرگری لە مافەکانی هەرێمی کوردستان بکەم و دەبوو دادگەی فیدراڵیی عێراق پشتگیری لە بەهێزکردنی هەرێمەکان بکات.”