پەیامی سەرۆك بارزانی بە بۆنەی یادی ڕاپەڕین

سەرۆک بارزانی لە پەیامێکدا بۆ یادی 33 ساڵەی راپەڕینی گەلی کوردستان دەڵێ دەستكەوتەكانی راپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون، نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە بۆنەی سی و سێیەمین ساڵیادی ڕاپەڕینی گەلی كوردستان پیرۆزبایی لە خانەوادەی سەربەرزی شەهیدان و پێشمەرگە قارەمانەكان و هەموو نیشتیمانپەروەر و تێكۆشەر و ئازادیخوازان و سەرجەم خەڵكی كوردستان دەكەم.

ڕاپەڕین درێژكراوەی خەباتی دەیان ساڵە و بەرهەمی خۆڕاگریی و ماندووبوون و خوێنی جەماوەر و هێزە خەباتگێڕەكانی كوردستان بوو و بووە دەستپێكێكی تازە و ئومێدێكی نوێ لە ژیانی گەلەكەماندا. خرۆشانی خەڵک دژی دامودەزگەی ستەمکار و داگیرکار پەیامێکی زۆر ڕوون بوو کە سەرباری بەهێزیی داگیركاران، ئیرادەی ژیانی سەربەرزانە و ئازادیخوازی هەمیشە لە ناخی مرۆڤی کوردستانیدا هه‌بووه‌ و ده‌شمێنێ.

دەستكەوتەكانی ڕاپەڕین موڵكی گەلی كوردستان و نەوەكانی داهاتوون. لە یادی ڕاپەڕینەكەی گەلی كوردستاندا جەخت لەوە دەكەینەوە كە پێویستە دەستكەوت و ئامانج و بەهاكانی ڕاپەڕین بە بەرزی بمێننەوە و بپارێزرێن و بەهێزتر بكرێن. نابێ لە هیچ دۆخ و لەژێر هیچ گوشارێكدا لەیاد بكرێن و بشێوێندرێن.

سڵاو لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕاپەڕین

و تێكڕای شەهیدانی ڕێگەی ڕزگاریی كوردستان

مسعود بارزانی
5ـی ئاداری 2024

ھەواڵی زیاتر