شەش تەرمی نەناسراو لە بەغدا دەدۆزرێتەوە
تەنها لە ماوەی یەك هەفتەی ڕابردوودا شەش تەرمی نەناسراو لە بەغدا دۆزراونەتەوە.
میدیاكانی عێراق بڵاویان كە بەپێی تۆمارە فەرمییەكانی پۆلیس و نەخۆشخانەكانی فریاكەوتنی بەغدا، لە ڕۆژی 17-2-2024وە تاكو 24-2-2024 تەنها لە شاری بەغدا، 112 كەس كوژراون یان بریندار بوون، شەش تەرمی نەناسراویش دۆزراونەتەوە.
بەپێی سەرچاوە فەرمییەكانی عێراق، رۆژی شەممە 17-2 چەكداری نەناسراو بە سواری ماتۆرسیكلەوە لە گەڕەكی ئەعزەمیە تەقەی لە دوو ڕێبوار كردووە و هەردووكیان بریندار بوون، هەمان رۆژ هێرش كرایە سەر ماڵێك لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا و كەسێك بە سەختی بریندار بوو.
میدیاكانی عێراق ئاماژە بەوە دەدەن زۆربەی هێرش و تاوانەكان لە ڕێگەی تەقەكردنەوە ئەنجام دراون، بە زۆرییش ماوەیەكە لە بەغدا تەقەكردن بە سواری ماتۆرسیكلەوە بووەتە باو، بەتایبەتییش چەكدارەكان وەكو كارمەندی گەیاندنی خواردن خۆیان دەگۆڕن، بۆ ئەوەی لە پێش و دوای ئەنجامدانی هێرشەكانیان نەناسرێنەوە.
جۆرێكی تری هێرشەكانیش لە ڕێگەی بۆمبی دەستیەوە ئەنجام دەدرێن، وەك ئەوەی لە هەمان رۆژی 17-2دا بۆمبێك خرایە ناو ماڵێكەوە لە گەڕەكی زهور لە ناوچەی حوسەینیەی باكووری رۆژهەڵاتی بەغدا و لە ئەنجامدا پیاوێك كوژرا و ژن و پیاوێكی تریش لە ناو ماڵەكەدا بریندار بوون.
هەمان رۆژی 17-2 پێنج كەس بە لێدانی چەقۆ لە شەڕێكی بەكۆمەڵدا لە چوارڕیانی باب ئەلشێخ لە ناوەڕاستی بەغدا بریندار بوون.
هەر لە رۆژی شەممە 17-2دا، لە شەڕێكی عەشایەریدا لە شاری سەدری رۆژهەڵاتی بەغدا، سێ كەس بە بەركەوتنی گوللە بریندار بوون.
هەمان رۆژ كەسێك، سێ ئەندامی خێزانی هاوژینەكەی لەناو ماڵی خۆیاندا گوللەباران كرد لە گەڕەكی زەعفەرانیە و دەمودەست هەرسێكیان گیانیان لەدەست دا.،
هەر لە رۆژی شەممە 17-2دا، بەهۆی شەڕی نێوان دوو دراوسێ بە تۆمەتی دەستدرێژیكردنە سەر ژنانەوە لە شاری سەدر، كەسێك كوژرا و كەسێكی تریش بریندار بوو.
ئەمانەی سەرەوە تەنها رووداوە تۆماركراوەكانی یەك رۆژی هەفتەی رابردوون، هەموو ڕۆژەكانی تریش بەدوای یەكتریەوە، دەیان تاوان و كێشەی گەورە یەخەی پایتەختی فیدراڵی دەگرن.
تاوانەكانی كوشتن و بڕین لە بەغدا هەر لەسەر ئاستی هاووڵاتییانی ئاساییدا نامێننەوە، بەڵكو رۆژانە چەكداری میلیشیاكانیش لەسەر بەشە گەندەڵی و تاڵانكاریی و تۆڵەی سیاسی، هێرشی چەكداری دەكەنە سەر یەكتری و ئاسایشی شارەكە بە جارێك دەشڵەقێنن، بۆ نمونە رۆژی یەكشەممە 18-2 لە ئەنجامی دەمەقاڵێیەك بەهۆی کێشەی زەویوزارەوە لە ناوچەی راشدییەی باکووری بەغدا، دوو كەس كوژران كە هاوەڵزاوا و ئامۆزای هادی عامری سەرۆکی هاوپەیمانیی نەبنی و ئەمینداری گشتیی رێکخراوی بەدر بوون.
سەرباری ئەوانەش، رۆژانە تاوانی تری دژە مرۆڤایەتی و ویژدانهەژێن لەم پایتەختی فیدراڵییەدا تۆمار دەكرێن، وەك ئەو ڕووداوەی رۆژی دووشەممەی رابردوو 19-2، كە تەرمی فڕێدراوی كچێكی بیست ساڵی لە كەلاوەیەكدا لە ناوچەی غەریری رۆژهەڵاتی بەغدا دۆزرایەوە، كچەكە دەستێكی بڕابووەوە و رووخساریشی سووتێنداربوو.
هەمان رۆژی دووشەممەی رابردوو، سێ كەس لە گەڕەكی رۆستەمیەی رۆژهەڵاتی بەغدا، لەسەر پاككردنەوەی ئاوی ئاوەڕۆ كوژران.
بەم شێوەیە رۆژانە لە بەغدای پایتەختی فیدراڵی، دەیان كەس هێرشیان دەكرێتە سەر و دەكوژرێن یان بریندار دەكرێن، دەڕفێندرێن و ئەشكەنجە دەدرێن و دواتریش لە پەنایەكدا تەرمەكانیان فڕێ دەدرێن، یان ژنان و كچان لەلایەن مێرد و باوانیانەوە بە چەقۆ و چەك هێرشیان دەكرێتە سەر و دەكرێنە قوربانی، بەبێ ئەوەی هیچ دەزگایەكی ئەمنیی هەبێت، خاوەندارییەتی لە مافخوراو و قوربانییانی ناو شاری بەغدای پایتەختی فیدراڵی بكات.
ژێدەر
باسنیوز