سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدان دانا.
بەیانیی ئەمڕۆ پێنجشەممە، 22-02-2024، مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە یاوەری شاندێکی باڵای حکومەت گەیشتە پارێزگەی هەڵەبجە.
سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان لە یەکەم وێستگەی سەردانەکەیدا، سەردانی مۆنیۆمێنتی شەهیدانی هەڵەبجەی کرد؛ بەشەکانی مۆنیۆمێنتەکەی بەسەرکردەوە و تاجە گوڵینەی لە بەردەم سیمبولی شەهیدانی هەڵەبجە دانا.
پاشان سەرۆکی حکومەت لە یاداشتی مۆنیۆمێنتەکە گوتەیەکی نووسی و ئاماژەی بەوە دا: “شانازی دەکەم کە جارێکی دیکە سەردانی شاری هەڵەبجەی شەهید دەکەم . داوا لە خوای گەورە دەکەم گیانی شەهیدان بە بەهەشتی بەرین شاد بکات و بریندارەکانیش چاک بکاتەوە. خزمەتکردنی هەڵەبجە بە ئەرکی خۆمان دەزانین و پێویستە هەموومان هەوڵ بدەین تاوان بەرامبەر بە خەڵکی کوردستان دووبارە نەبێتەوە”.
هەر ئەمڕۆ پێنجشەممە، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان کاتژمێر 01:00ـی دواینیوەڕۆ بەردی بناخەی ڕێگەی هەڵەبجە – تووەقوت – قلیجە و پردی تووەقوت دادەنێت.