دادگای فیدڕالی بڕیاری کۆتایی لەبارەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەدات

چاوەڕوان دەکرێت ئەمڕۆ چوارشەممە، دادگای باڵای فیدڕالی عێراق دانیشتنی خۆی بۆ بڕیاردانی لەبارەی سکاڵایەک کە دژبە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق تۆمارکراوە، ئەنجام بدات.

پێشتر ھەریەک لە سەرۆکی فڕاکسیۆنی یەکێتیی نیشتمانيی کوردستان لە پەرلەمانی کوردستان-عێراق، زیاد جەبار و سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافیدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئامانج نەجیب شەمعوون دوو سکاڵایان دژی پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمان لە دادگای باڵای فیدڕالی تۆمارکردبوو کە دواتر دوو سکاڵاکە، کران بە یەک سکاڵا.

لە ماوەکانی رابردوودا دادگای باڵای فیدڕالی بۆ چەندین جار بڕیاردانی لەبارەی سکاڵاکە دواخستووە.

بەپێی خشتەی دانیشتنەکانی دادگای باڵای فیدڕالی عێراق، ئەمڕۆ دادگاکە دانیشتنی خۆی ئەنجامدەدات کە لە میانیدا بڕیاری کۆتایی لەبارەی سکاڵاکە دەدات کە دژبە یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراقە.

سکاڵاکارەکان تانەیان لە پێنج ماددەی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق داوە کە بریتیین لە ماددەکانی (١،٩،١٥،٢٢،٣٦) لە یاسای ژمارە یەکی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، کە تایبەتن بە شێوازی بازنەی ھەڵبژاردن و کورسی کۆتاکان لە پەرلەمان.

ئەو ماددانەی لە یاسای ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەڵبژاردندا ھەیە و زیاد جەبار سکاڵای کردووە و تانەی لێداوە بریتیین لە: ماددەی یەکەم: پەرلەمانی کوردستان – عێراق لە ١١١ ئەندام پێکدێت. ماددەی نۆیەم: ھەرێمی کوردستان-عێراق بە یەک بازنەی دەنگدان دادەنرێت و ماددەی ١٥: بۆ ھەرێمی کوردستان-عێراق، تۆمار بەناوی دەنگدەران بۆ دەنگدان، بەپێی سەنتەرەکانی ھەڵبژاردن ئامادە دەکرێن بەپێی ڕیزبەندیی پیتە ئەبجەدییەکان. ماددەی ٢٢: ھەر کیانێکی سیاسی لە ھەرێم، بۆی ھەیە لیستێکی تایبەت بە بەربژێرەکانی خۆی لەسەر ئاستی ھەرێم پێشکەش بکات، کە رێژەیەک ئافرەتی تێدابێت، لەسەدا ٣٠ی کەمتر نەبێت.

ھاوکات سکاڵای دووەم لەلایەن سەرۆکی فڕاکسیۆنی ڕافدەین لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی، ئامانج نەجیب شەمعوون تۆمارکراوە و داوا کراوە کە ماددەی ٣٦ی یاسای ھەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ژمارە ١ی ساڵی ١٩٩٢ی ھەموارکراو، بە نادەستووری دابنرێت، کە تایبەتە بە کورسیی کۆتای پێکھاتەکانی “کلدان، ئاشووری، تورکمان و ئەرمەن لە ھەرێم، ھەروەھا داوا کراوە ماددەی ٩ی ھەمان یاسا بە نادەستووری دابنرێت، کە ھەرێم بە یەک بازنەی ھەڵبژاردن دانراوە.

لە کۆی ١١١ کورسی پەرلەمانی کوردستان-عێراق ، ١١ کورسی کۆتا بۆ پێکھاتەکان تەرخانکراوە بە جۆرێک شەش کورسی بۆ پێکھاتەی کلدان، ئاشووری و ئەرمەن، ھەروەھا پێنج کورسی بۆ پێکھاتەی تورکمان.

ھەواڵی زیاتر