ژمارەی ئەو کوردانەی لە غەززە کوژراون ئاشکرا کرا

بەپێی لیستی ئاماری کوژراوانی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل، کە وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین بڵاوی کردووەتەوە، نزیکەی 100 کەسی بە رەچەڵەک کورد لە کوژراون. کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان دەڵێت، “ژمارەی کوژراوان زیاتر دەبێت، چونکە هێشتا هەزاران کەس لەژێر دارووپەردووەکانن.”

بەپێی وردەکاری و لیستی ناوی ئەو کەسانەی گیانیان لەدەستداوە و لەلایەن وەزارەتی تەندروستی فەلەستینەوە بڵاوکراوەتەوە، دەردەکەوێت لەماوەی 20 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی غەززە و ئیسرائیل نزیکەی 100 کەس، کە پاشناوی ئەلکورد، ئەلکوردی و کوردییان هەیە، گیانیان لەدەستداوە، جگە لەوەی لیستەکە ژمارەیەک کوردی دیکەی تێدایە کە لە هۆز و تیرە و بنەماڵەی دیکەی کوردن.

رۆژی هەینی، 27-10-2023، نەزمی حزووری، کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: “کورد ریشەیەکی پتەوی لە زۆربەی ناوچەکانی فەلەستین هەیە، ژمارەیەک خێزان و بنەماڵە هەن کە مێژوویەکی دوورودرێژیان لە وڵاتەکەی ئێمە هەیە کە بۆ هەزاران ساڵ دەگەڕێتەوە.”

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین تائێستا 7 هەزار و 28 کەس بەهۆی بۆردوومانی ئیسرائیلەوە کوژراون.

کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین لە هەرێمی کوردستان گوتی: “بەدڵنیاییەوە ژمارەی شەهیدان بەهۆی هێرشە ناڕەواکانی ئیسرائیل زیاترن لەو ژمارەیەی دوێنێ راگەیێندرا، لەنێویاندا ژمارەی ئەو کەسانەشی بە رەچەڵەک کوردن و لە بنەماڵەکانی کوردن، واتە لە 75 کەس زیاتر دەبن، چونکە نزیکەی دوو هەزار کەس بێسەروشوێنن و لە ژێر داروپەردووەکانن.”

ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بڵاوکردەوەی لیستی ئەو کوژراوانە تەنیا وەڵامێک بووە بۆ ئەمریکا کە دوێنێ لەسەر زاری ژمارەیەک بەرپرسی باڵاوە رەتیکردەوە ژمارەی کوژراوانی فەلەستین راست بێت، کە حەماس بڵاوی دەکاتەوە.

رۆژی پێنجشەممە، 26-10-2023، د. ئەشرەف قەدرە، گوتەبێژی وەزارەتی تەندروستیی فەلەستین- غەززە، ئاماری 19 رۆژی شەڕی نێوان گرووپە چەکدارەکانی فەلەستین و ئیسرائیلی بڵاوکردەوە و رایگەیاند: “تاوەکو ئەمڕۆ حەوت هەزار و 28 کەس بەهۆی هێرشەکانی ئیسرائیلەوە شەهیدبوون، 18 هەزار و 482 کەسی دیکەش بریندا ربوون، ئەوە جگە لەوەی تاوەکو ئێستا زانیارییمان لەبارەی بێسەروشوێنبوونی 1650 کەسەوە پێگەیشتووە، لەنێویاندا 940 یان منداڵن.”

کورد زیاتر لە 800 ساڵ دەبێت لە فەلەستین نیشتەجێن، لە زۆربەی شارەکانی فەلەستین نیشتەجێن، دیارترینیان قودس، خەلیل، نابلس و غەزەن. د. غەسان وشاح، سەرۆکی بەشی مێژوو لە زانکۆی ئیسلامی لە غەزەز دەڵێت: “دەتوانین بڵێین کورد بەشێکی رەسەنی گەلی فەلەستینن، سەرەتای دەرکەوتنیان دەگەڕێتەوە بۆ چاخی نێوەڕاست لە ماوەی فەرمانڕەوایەتیی سەرکردە سەلاحەددین ئەیوبی. لێرە لە غەزە زۆر خێزانی بە رەچەڵەک کورد هەن. کوردانی فەلەستین و غەزە رۆڵێکی روون و دیاریان هەیە لە ژیانی کۆمەڵایەتی و رۆشنبیریی هەموو فەلەستیندا.”

کورد لەو بەشێک لەو شوێنانەی تێیدا نیشتەجێبوون گەڕەکی کورد یان شوێنی کوردانیان دروستکردووە وەکو ئەوەی لە شاری خەلیل و قودسیش هەیە.

جگە لە پاشناوەکانی ئەلکوردی، کرد، کردیە، چەندین خێزان و بنەماڵەی دیکە لە فەلەستین هەن، کە وەکو کۆنسوڵی گشتیی فەلەستین دەیڵێت” رەچەڵەک و ریشەیان کوردە و سەدان ساڵە لە فەلەستین دەژین و رۆڵی گەورەیان لە سیاسەت و بازرگانی و ژیانی کولتووری هەیە.”

بنەماڵەی ئەیووبی کە ژمارەیەک خێزان و بنەماڵەی وەکو هشلمون، تبلت، جویلس، بەیتار، حەمور، زەلوم و عەرعەرن، بە رەچەڵەک کوردن، جگە لەوە ئال زەعرور، حال قیمری.

بەهۆی ململانێی عەرەبی- ئیسرائیلی، بەتایبەتی جەنگی ساڵانی 1948 و 1967 هەندێک لەو خێزانە کوردانە کۆچیان بۆ وڵاتانی دراوسێی فەلەستین، یان وڵاتانی ئەوروپی کردووە.

لە ئیسرائیلیش ژمارەیەکی زۆر بنەماڵەی کورد هەن، کە هەندێکیان کاتی خۆی لە عێراق و باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵاتدارانی عێراق دەرکراون و لە ئیسرائیل گیرساونەتەوە، بەڵام هیچ زانیارییەک لەبارەی ئەوەی هیچ کوردێک لە ئیسرائیل کوژرابێت، یان لەلایەن حەماسەوە بە بارمتە گیرابێت، بڵاونەکراوەتەوە.

ژێدەر

رووداو

ھەواڵی زیاتر