پەیامنێری هەردوو كەناڵی (العربیة و الحدث) ئاشكرای دەكات، كە ئامادەكاری دەكرێت بۆ ئەوەی لە چیای شنگالەوە هێرش بكرێتە سەر ئیسرائیل.
ئەحمەد حەمدانی، پەیامنێری كەناڵەكانی (العربیة و الحدث) لە پێگەی فەرمیی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (فەیسبووك) بڵاوی كردەوە، جەنەڕاڵەكانی پاسدارانی ئێران و لە سەرووی هەمووشیانەوە (سەردار محەمەد ئەحمەدی)، فەرماندەی فیرقەی (حمزة سید الشهداء) لە ڕووی مەیدانییەوە چاودێریی ئامادەكردنی ئەو مووشەكانە دەكەن كە ناردوویانە بۆ شنگال.
ڕوونیشی كردووەتەوە كە مووشەكەكان ناویان لە جۆری (مهندس 1)ە و زیاتر لە هەزار كیلۆمەتر دەبڕێت.
ئەو ڕۆژنامەنووسە ئەوەشی ئاشكرا كردووە كە ئامادەكارییەكانی سەكۆی مووشەكییەكە، هاوشێوەی سیناریۆكەی 1991ە كاتێك سەدام حوسێن لە هەمان شوێنەوە لە شنگال، 39 مووشەكی ئاراستەی شاری (تەل ئەبیب)ی ئیسرائیل كرد.
بە گوتەی حەمدانی، چەند رۆژێك لەمەوبەر، سەردار محەمەد ئەحمەدی گەیشتووەتە شاری سلێمانی، پێش ئەوەی دواتر بچێتە شنگال، بۆیە ”پێشبینی دەكرێت بەرەیەكی نوێ لە دژی ئیسرائیل لە شنگال بكرێتەوە، لە حاڵەتێكدا ئەگەر تانكەكانی ئیسرائیل بچنە نێو زەوییەكانی كەرتی غەززەوە.“
جێگەی باسە لە شنگال و چیای شنگال، پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) و میلیشیاكانی حەشدی شەعبی باڵادەستن.