فڕۆکەی جەنگی ئێف15 و ئێف16ـی ئەمریکی گەیشتنە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست
هێزی ئاسمانی ئەمهریکا بڵاویکردەوە، فڕۆکەی جەنگی ئێف-15 و ئێف-16 و ئەی-10 گەیشتوونەتە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ئاشکراشیکرد، گەیشتنی فڕۆکە جەنگییەکان ئاماژەیە بۆ پابەندی ئەمهریکا لە هاوکاریکردنی ئیسرائیل، بە بوونی ئەو فڕۆکە جەنگیانەش، سوپای ئەمهریکا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست باشتر دەتوانێت ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییەکانی ئەنجامبدات.
رۆژی شەممە (7ـی تشرینی یەکەمی 2023) باڵی سەربازی بزووتنەوەی حەماسی فەڵەستینی لە کەرتی غەززەوە، زیاتر لە پێنج هەزار مووشەکی ئاراستەی ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی ئیسرائیل و ناوچە جولەکەنشینەکان کرد و تەلبەندی سنووری نێوان کەرتی غەززە و کۆمەڵگە جوولەکەنشینەکانیان بڕی و لە بەرامبەردا سوپای ئیسرائیل وەک کاردانەوەیەک، ماوەی هەفتەیەکە رۆژانە کەرتی غەززە بۆردوومان دەکات.
وەزارەتی تەندروستیی فەڵەستین لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوە دا، ژمارەی ئەو کەسانەی بەهۆی بۆردومانەکانی ئیسرائیلەوە بۆسەر کەرتی غەززە گیانیان لەدەستداوە، هەزار و 900 کەسی تێپەڕاندووە؛ لەنێویاندا 614 منداڵ و 370 ژن هەن، ژمارەی بریندارەکانیش گەیشتووەتە نزیکەی هەشت هەزار کەس.
هەروەها بە گوێرەی راگەیەندراوێکی سوپای ئیسرائیل، ئەو کەسانەی لەو وڵاتە بەهۆی هێرشی حەماس و گرووپە چەکدارە فەڵەستینییەکانەوە گیانیان لەدەستداوە، گەیشتووەتە سەرووی هەزار و 400 کەس، لەو ژمارەیەش 200ـیان سەربازن.