هەڤاڵ ئەبوبەکر داوایەک لە مامۆستایانی سلێمانی دەکات

هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، پەیامێک ئاراستەی مامۆستایانی سلێمانی دەکات.

دەقی نووسینەکە:

بەناوی خوای بەخشندەی میهرەبان

بەڕێزان مامۆستایانی خۆشەویست

هەوڵ و هیممەت و خۆڕاگریی و دڵسۆزیی و بەخششی بەردەوامی ئێوەی بەڕێز، لە هەموو سات و کات و سەردەم و قۆناغێکی ژیانی هەر یەکەمان و میللەتەکەشماندا؛ هەمیشە شایانی ڕێزو وەفاو ئەمەکداریی هەموومانە.
مافی ئێوەی بەڕێزو سەرجەم موچەخۆرانی تریش؛ مافێکی سروشتیی و یاسایی و کەسیی هەریەکەمانەو، نکۆڵیی لە کەمتەرخەمیی و خراپئیدارەدانی وڵات و دارایی و زامننەکردنی یاساییانەو ئاساییانەی موچەو بوجە؛ لە هەردوو حکومەتی ئیتحادیی و هەرێمی کوردستان بەدرێژایی دەیان ساڵی ڕابردوو ناکرێت.
پشتیوانەکانتان لە هەموو فەرمانگا خزمەتگوزاریی و ئارامیی و کارگێڕیی و یاساییەکاندا؛ لە پێناوی چاکەی گشتیی و پاراستنی تەندروستیی و ئاسایش و ئارامیی و ئاوو کارەباو ڕێگاوبان و شارەوانیی و …تاددا، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت؛ بەردەوامن.
سەدان هەزار قوتابی و سەدان هەزار خوێندکار؛ لە هەموو قۆناغەکانی خوێندنی بنەڕەتیی و ئامادەیی و پەیمانگاو زانکۆکاندا؛ چاویان لە دەستێشخەریی پەیامدارییانەی ئێوەیە، موچەو ماف و شایستە داراییەکان بە یاسا نابێت زایەبن و لە هەر دۆخێکدا دەبێت قەرەبووبکرێنەوە، ئەوەی قەرەبووناکرێتەوە ماوەی خوێندن و پێگەیاندنی نەوەیەکی هۆشیارە کە لەسەر دەستی ئێوە گەندەڵیی و خراپئیدارەدان بنەبڕبکات.
کاری ئێوەی بەڕێزو پیرۆز؛ کارێکی پەیامدارانەی پێغەمبەرانەیە، بەهادارترو بەرپرسانەترە لە هەر شتێک و هەر دۆخێک، چۆن هەموومان داوا لە حکومەتی ئیتحادیی دەکەین کە موچەو بوجە تيکەڵی دۆسییەو ململانێ سیاسییەکان نەکات، بە هەمان شێوەش داواکارم کە ڕێگا نەدەن داواو مافی ڕەوای مامۆستایان و موچەخۆران تێکەڵ بە هەڵبژاردنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان و هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان و بەرژەوەندیی تایبەتیی هیچ حیزبێک و هیچ کەسێک؛ بکرێت.
لە ساڵی ٢٠٠٣ وە موچە لە عیراقدا مانگانە دەدرێت، بەڵام لەو کاتەوە تا ئێستا زیاتر لە دە ملیۆن کەس بەرەو نەخوێندەواریی ڕۆیشتون، ئەمەش ئەوە دەسەلمێنێت کە پەیامداریی پێش هەر دەسکەوتێکی ترە.
بەهەوڵی زانایانەو جوامێرانەتان سلێمانی لە ئاستی پەروەردەو فێرکردن و کەمترین ڕێژەی نەخوێندەوارییدا یەکەمی هەموو عیراقە، وەک هەڵسوڕێنەری باڵیۆزخانەی ئەمریکا لە عیراق وتی: مەهێڵن ئەو پێشەنگییەتان لە دەستبچێت.
بۆیە بە ناوی هەموو خەڵکی سنوری پارێزگای سلێمانییەوە، داوا لە بەڕێزتان دەکەین دەوامی خوێندن دەستپێبکەنەوەو پۆلەکانی خوێندن گەرمبکەنەوە، تەنها لە پێناوی نەوەکانمانداو هیچی تر.
داوا لە حکومەتی ئیتحادیی دەکەم کۆتایی بەم دۆخە ناهەموارە بهێنێت و مافی خەڵک و موچەو بوجەی هاووڵاتیان تێکەڵ بە هیچ دۆسییەیەکی تر نەکات، بەردەوام بونی حکومەتی ئیتحادیی لە خەرجنەکردنی موچەو مافە داراییەکانی هاووڵاتیان لە هەرێمی کوردستاندا؛ تەواکردنی پرۆسەی جینۆسایدکردنی خەڵکی کوردستانە، کە دادگای باڵای تاوانەکان لە عیراقدا؛ بە تاوانی ناساندووە.
داوا لە حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەم ئەرکی حوکمڕانیی خۆی بەرامبەر هاووڵاتیانی کوردستان بەگشتیی و بەرامبەر موچەخۆران بەتایبەتیی جێبەجێبکات و موچەی بەردەوامی کەرتی پەروەردە بێوەستان و دواخستن دابینبکات و خەرجبکات.
داوا لە مامۆستایانی خۆشەویست دەکەم بەبەردەوامبون لە داکۆکیکردن لە مافەکانیان و مافی هەمووان، بە بڕیارو ئیرادەی کەسیی خۆیان؛ پرۆسەی خوێندن؛ ببوژێننەوە.
گۆرانی مەزن، دەڵێت:
((ئەگەر دوێنێ مامۆستاکان
یەک سوڵتانیان پێ ئەگەیان،
ئەمڕۆ ئەبێ مامۆستای کورد
دانیشێ و بە ڕاوێژی ورد
ڕێگای پێگەیاندن دانێ،
بۆ ملیۆنان، نەک سوڵتانێ! )).
ئەحمەدی خانی مەزنیش دەردەکانی کورد، بە:
(نەخوێندەواریی، هەژاریی، دووبەرەکیی)،
باسدەکات، سەرچاوەی هەمووشیان بۆ نەخوێندەواریی دەگەڕێنێتەوە.

نا بۆ نەخوێندەواریی، نا بۆ ڕاگرتنی خوێندن..

دڵسۆزتان
هەڤاڵ ئەبوبەکر
پارێزگاری خزمەتکاری سلێمانی
١٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠٢٣

ھەواڵی زیاتر