دەسەڵاتەکانی بافڵ تاڵەبانی، سەرۆکی یەکێتی دیاری کران
بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی یەکێتی نیشتمانیی کوردستان، سەرۆکی یەکێتی 15 دەسەڵاتی دەبێت.
لە پەیڕەوەکەدا بەم جۆرە پێناسەی سەرۆکی یەکێتی کراوە ” راگری یەکدەنگی و یەکڕیزی یەکێتییە و کاردەکات بۆ پاراستن و جێبەجێکردنی پەیرەوی ناوخۆ و یەکڕیزی و یەکگوتاری و یەکهەڵوێستی سەرجەم ئۆرگانەکان و نوێنەرایەتی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات لە ناوەوە و لە دەرەوە و لەبەردەم دامودەزگا حکومی و یاساییەکاندا.”
لە بڕگەکانی 2 و 3 و 4 دا هاتووە، سەرۆکی یەکێتی، سەرۆکی ئەنجوومەنی گشتی یەکێتی دەبێت و ئەندامی ئەنجوومەنی سەرکردایەتیشە و لە کۆنگرە هەڵدەبژێردرێت، هاوکات بە سیمبولی یەکڕیزی و یەک گوتاری یەکێتییە لەناوخۆ و لە دەرەوەی یەکێتی و بەرپرسی یەکەمە لە پاراستن و بەهێزکردن و گەشەپێدانی یەکێتی.
هەرچی مادەی 27ـی ئەو بەشەیە مەرجەکانی سەرۆک دیاریکراوە کە دەبێت ئەو چوار مەرجەی تێدا بێت:
-تەمەنی لە 40 ساڵ کەمتر نەبێت.
-ناو و ناوبانگی باشی هەبێت و شارەزا بێت لە سیاسەتدا.
-لانیکەم 10 ساڵ خەباتی سیاسیی و رێکخراوەیی لە ریزەکانی یەکێتی نیشتمانی کوردستان بەبێ دابڕان هەبێت.
-بەهیچ تاوانێکی ئابڕووبەر حوکم نەدرابێت.
مادەی 28ـی رەشنووسی پەیڕەو باسی هەڵبژاردنی سەرۆکی یەکێتی دەکات کە لە کۆنگرە دەبێت و ئەگەر تاکە بەربژێر بێت ئەوا دەنگدان بە ئاشکرا دەبێت، بەڵام ئەگەر لە بەربژێریک زیاتر بۆ ئەو پۆستە هەبێت، هەڵبژاردن بە نهێنی و ئازاد و زۆرینەوەی دەنگەکان دەبێت.
مادەی 29ـی رەشنووسی پەیڕەوەکە باسی راسپاردنی کەسێک بۆ راپەڕاندنی کارەکانی سەرۆک دەکات ئەگەر سەرۆک ئامادەنەبوو، هەروەها دەستلەکارکێشانەوەی بە دەنگی زۆرینەی رەهای ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی پەسند دەکرێت.
ئەگەر سەرۆک لە پۆستەکەیدا نەما، مەکتەبی سیاسیی ئەو حیزبە لە 60 رۆژدا سەرۆکێکی دیکە بە کاتی هەڵدەبژێرێت.
مادەی 30ـی رەشنووسی پەیڕەوەکە باسی ئەرک و دەسەڵاتەکانی سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەکات کە ئێستا بافڵ تاڵەبانییە و دوێنێ چوارشەممە، 27ـی ئەیلوول لە کۆنگرەی پێنجەمی حیزبەکەی هەڵبژێردرا، دەسەڵاتەکان لە 15 خاڵدا چڕکراونەتەوە کە ئەمانەن:
-بەرپرسیارە لە جێبەجێکردنی بڕیار و سیاسەتەکانی یەکێتی.
-سەرۆکایەتی کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی دەکات و لەکاتی وەک یەکبوونی دەنگەکان، دەنگی سەرۆک یەکلایی کەرەوەیە.
-سەرپەرشتی کاروباری دارایی و پەیوەدنییەکان و هەر کاروبارێکی دیکە دەکات کە لەچوارچێوەی دەسەڵاتەکانی بێت.
-نوێنەرایەتی یەکێتی لە دەرەوە و لە ناوەوە دەکات.
-هاوئاهەنگی لەنێوان ئەنجوومەنەکانی سەرکردایەتی، پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاکانی یەکێتی و ئەنجوومەنی پشتیوانی دەکات.
-رێککەوتنە سیاسییەکان دوای پەسەندکردنی لە سەرکردایەتی یەکێتی واژۆ دەکات.
-گشتاندنی رێسا پەسەندکراوەکانی سەرکردایەتی دەکات.
-ئامادەکردنی راپۆرتی ساڵانەی سیاسی و رێکخراوەیی بۆ پێشکێشکردنیان لە کۆنگرە و دیدارەکان.
-مەکتەبێکی بۆ بەڕێوەبردنی کاروباری رۆژانەی پێکدەهێنێت، بەرپرسە لە رێکخستنی کارە کارگێڕییەکانی سەرۆک، بە رێسایەک پێکهاتە و بەشەکانی دیاریدەکرێت.
-دەزگای دارایی، مەڵبەندی دیراساتی گشتی، ناوەندی کاروباری یاسایی، پەیوەندییەکانی بەغدا و عێراق، پەیوەندییەکانی دیکەی یەکێتی راستەوخۆ بە سەرۆکەوە دەبەسترێنەوە.
-لەنێو سەرکردایەتی یەکێتی گوتەبێژ دیاریدەکات.
-فەرمانی دامەزراندن لە پۆست بۆ ئەندامانی ئەنجوومەنی سەرکردایەتی و بەرپرسی یەکەمی سەرجەم دامودەزگاکانی مەکتەبەکانی یەکێتی دەردەکات.
-پارێزەری سامان و موڵک و داهاتی یەکێتی دەبێت و نابێت بۆ بەرژەوەندی خۆی و کەسوکارەکەی بەکاریان بهێنێت.
-پابەند دەبێت بە پەیرەوی ناوخۆ و بەپرسیارە لە جێبەجیکردنی.
-هەر ئەرک و دەسەلاتێکی دیکە لەم پەیڕەوەدا بۆی دیاری بکرێت.
هەروەها لە مادەی 31ـی رەشنووسی پەیڕەوی ناوخۆیدا هاتووە گوتەبێژی ئەو حیزبە لەلایەن سەرۆکەوە دیاری دەکرێت و گوتەبێژ هیچ ئەرکێکی دیکەی نابێت، ئەو گوتەبێژە گوزارشت لە رای فەرمی یەکێتی دەکات و وا پێویست زانراوە زمانێک زیاتر بزانێت.