ڕۆژی دووشەممە 11ی ئەیلوولی 2023 لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە خاتوو ئەلینا ڕۆمەناوسكی باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق و شاندێكی یاوەری كرد.
لە دیدارەكەدا بیروڕا لەبارەی بارودۆخی سیاسیی ناوچەكە و عێراق و ئاستەنگ و گرفتەكانی بەردەم پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و عێراقی فیدڕاڵ و پشتبەستن بە دیالۆگ لەپێناو چارەسەركردنی كێشەكان ئاڵوگۆڕ كرا.
هەر لەو دیدارەدا باڵیۆزی ئەمەریكا لە عێراق پشتیوانیی وڵاتەكەی بۆ حكوومەتی فیدڕاڵی عێراق و حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕاگەیاند بە مەبەستی بەردەوامبوونیان لە گفتوگۆ و دانوساندن و گەیشتن بە چارەسەری گونجاو بە تایبەت لە بابەتی بودجە و كێشە هەڵپەسێردراوەكانی تر. هەروەها باڵیۆزی ئەمەریكا دڵگرانیی خۆی لەمەڕ گرژی و ڕووداوەكانی كەركووك و قوربانیبوونی هاووڵاتیان دەربڕی. هەر پەیوەست بەم باسەوە سەرۆك بارزانی پشتیوانیی خۆی بە بەڕێز سودانی دووپاتكردەوە و ڕاشیگەیاند كە گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە چارەسەركردنی كێشەكان بەردەوام دەبێت و هەروەها جەختیشی لەوە كردەوە كە چاوەڕوانی ئەوەن كە هەنگاوی پێویست بنرێت بۆ ڕاستكردنەوەی بارودۆخ و پاراستنی سەقامگیریی كەركووك و گرتنەبەری ڕێكاری یاسایی لەبەرانبەر ئەو كەسانە كە بوونە هۆی نانەوەی ئاڵۆزی و ڕشتنی خوێنی هاووڵاتیانی كەركووك.
بارودۆخی سیاسیی ناوخۆی هەرێم و پەیوەندییەكانی نێوان پارتی و یەكێتی و پێویستیی هاودەنگیی ناوخۆیی هەرێم و چارەسەربوونی كێشەكان تەوەرێكی تری ئەو كۆبوونەوەیە بوو و سەرۆك بارزانی جەختی لەوە كردەوە كە درێخی ناكەت لە پشتیوانیكردنی بۆ چارەسەربوونی گرفتە ناوخۆییەكانی هەرێم و بە پێویستی زانی ڕێگەی دیالۆگ و میانڕەوی بۆ چارەسەری گرفتەكانی نێوان هەردوولا بگیرێتە بەر.