ئەمڕۆ، ڕێككەوتی 7/9/2023، بەسەرپەرشتی جەنابی سەرۆك مسعود بارزانی كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی ئەنجامدرا، دوای دەقیقەیەك وەستان بۆ ڕێزگرتن لە گیانی پاكی شەهیدانی ڕووداوەكانی ئەم چەند ڕۆژەی دوایی كه لە شاری كەركوك شەهیدبوون، كۆبوونەوە چەند تەوەرێكی خستەبەر وتووێژ و گەنگەشەكردن و، لەسەر چەند بابەتێكی گرنگ و هەنووكەیی
هەڵوێستەی كرد:
1- رووداوەكانی كەركوك: دوای ئەوەی سەرۆك وەزیرانی عێراق بەڕێز محمد شیاع سودانی بەگوێرەی مافی دەستووری و ڕێككەوتنی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینە، بڕیاری ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی بارەگاكانی پارتیمانی دەركرد، بەڵام دەسەڵاتدار و كاربەدەستانی كەركوك بۆ جێبەجێنەكردنی ئەم بڕیارە هانی كۆمەڵێك خەڵكی گێرەشێوین و تێكدەریاندا و ئاستەنگیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە دروستكرد و ڕێگای هاتوچۆی خەڵكیان داخست بێئەوەی بەرپرسانی حكومەت ڕێگایان لێ‌بگرن، بەڵام كە ژمارەیەك خەڵكی دیكەی كەركوك لە هاووڵاتیانی كورد بەشێوەیەكی ئاشتییانە داوای كردنەوەی ڕێگاكەیان كرد كۆمەڵێك چەكدار لە پەنای دەزگا ئەمنیەكانی كەركوك بەبێ لەبەرچاوگرتنی داوای ڕەوای خەڵكەكە تەقەیان لێ‌كردن و ژمارەیەك لاوی كورد شەهیدبوون و ژمارەیەكی دیكەش برینداربوون ئه‌مه له كاتێكدا كه چەندین ڕۆژ ئەوانەی خۆیان هانیاندابوون لەو سەر جادە بوون هەتا داوای چۆڵكردنی ڕێگاكەشیان لێنەكردن. نەمری و سەربەرزی بۆ شەهیدەكان و داوای شیفای بە پەلە دەكەین بۆ بریندارەكان.
كۆبوونەوەی مەكتەبی سیاسی داوا دەكات لیژنەیەكی بێ لایەن لە نوێنەرانی حكومەتی فیدراڵی و حكومەتی هەرێم بۆ لێكۆڵینەوە لەم بابەتانەی خوارەوە پێك بێت:
• دیاریكردنی هۆكاری ئاسته‌نگ دروستكردن بۆ جێبه‌جێنه‌كردنی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران.
• هانده‌رانی ئاڵۆزیی و ڕێگه‌گرتن له جێبه‌جێكردنی بڕیاری سه‌رۆك وه‌زیران كه هه‌ندێكیان په‌رله‌مانتار و به‌شێكیشیان له ئیداره‌ی كه‌ركوك به‌رپرسیارییه‌تیان هه‌یه، دیاریبكرێن و بدرێنه دادگا.
• ئەو كەسانەی فەرمانی تەقەكردنیان دەركردووە كە بووە هۆی شەهیدكردنی ئەو هاووڵاتیانەی بە ئاشتیانە داوای كردنەوەی ڕێگایەكەیان كرد دەست نیشان بكرێن و بدرێنە دادگا.
• ئەو كەسانەی تەقەیان كردووە و بوونە هۆی شەهیدبوون و برینداركردنی هاوڵاتیانی بێ چەك، دیاری بكرێن و بدرێنە دادگا.
• له‌سه‌ر بنه‌مای ئه‌و لێكۆڵینه‌وانه بڕیاری قه‌ره‌بووكردنه‌وه‌ی خانه‌واده‌ی شه‌هیدان و برینداره‌كان بدرێت و، هه‌روه‌ها ئه‌و هاوڵاتیانه‌ی زه‌ره‌ر و زیانی ماددیان به‌ركه‌وتووه.
2- سه‌باره‌ت به په‌یوه‌ندی هه‌رێم و حكومه‌تی فیدڕاڵ، دوای ئه‌وه‌ی ئیئتلافی ئیداره‌ی ده‌وڵه‌ت پێكهات و له‌سه‌ر بنه‌مای كۆمه‌ڵێك بابه‌تی سیاسی و ئابووری ڕێككه‌وتن كرا، هه‌روه‌ها كه ڕێككه‌وتن له‌سه‌ر كارنامه‌ی كابینه‌ی به‌ڕێز محه‌مه‌د شیاع سودانی كرا و له ئه‌نجومه‌نی نوێنه‌ران ده‌نگی له‌سه‌ردرا بۆ جێبه‌جێكردن، به‌ڵام به‌داخه‌وه ماوه‌ی (9) مانگ به‌سه‌ر ئه‌م ڕێككه‌وتن و پێكهێنانی ئه‌م كابینه‌یه تێپه‌ڕیوه، خاڵه‌كانی په‌یوه‌ندییان به هه‌رێمی كوردستانه‌وه هه‌یه جێبه‌جێنه‌كراون و ڕێگری له جێبه‌جیكردنیان ده‌كرێت، له نێو خاڵه‌كانی ئه‌م ڕێككه‌وتنانه‌ش ئه‌م بابه‌تانه‌ی خواره‌وه به‌پێچه‌وانه‌وه جێبه‌جێكراون یان هه‌ر جێبه‌جێنه‌كراون، وه‌كو نموونه:
• یاسای بودجە، كاتێك كە حكومەتی فیدراڵی پڕۆژە یاساكەی ئامادەكرد بەرێكەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم، پشكی هەرێم دیاری كرابوو، بەڵام لە ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌ران سەرلەبەری ئەم پڕۆژە یاسایه گۆڕانكاری بەسەرداهات و غەدرێكی زۆر لە هەرێمی كوردستان كرا، ئێستاش ئەوەی كە لە یاساكەشدا هاتووە جێبەجێناكرێت بەشێوەیەكی گونجاو كە ئه‌مه‌ش غەدرێكی گەورەیە لە مووچەخۆرانی كوردستان بە تایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی.
• ڕاده‌ستكردنه‌وه‌ی باره‌گاكانی پارتیمان دوای ده‌ركردنی بڕیاره‌كه ڕێگای لێ‌گیرا و ئاڵۆزییان دروستكرد.
3- كۆبوونه‌وه له‌سه‌ر بنه‌مای ڕێككه‌وتنه‌كان داوا ده‌كات ئه‌م خاڵانه‌ی خواره‌وه جێبه‌جێبكرێن:
• ئیداره‌دانی حكومه‌ت و بڕیار وه‌رگرتن، له‌سه‌ر بنه‌مای پڕه‌نسیپی (شه‌راكه‌ت، ته‌وافوق و ته‌وازن) بێت و، ڕۆڵی نوێنه‌ری پێكهاته سیاسییه‌كان بنه‌ڕه‌تی بێت له بڕیاره چاره‌نوسسازه‌كاندا.
• یاسای ئەنجوومەنی فیدراڵی وەك ئه‌وه‌ی لە دەستووردا هاتووە و هەروەها لە بەرنامەی ئیئتلافی ئیدارەی دەوڵەتدا هاتووە، بخرێتە بواری جێبەجێكردن و یاساكە لە ئەنجوومەنی نوێنەران دەربچێت.
• پەلەكردن لە ئامادەكردنی پرۆژە یاسای نەوت و گاز بەگوێرەی ئەو ڕێككەوتنەی بەهاوبەشی هەرێم و حكومەتی فیدراڵ كراوە بۆ ئامادەكردنی پرۆژە یاساكە و، بۆ كۆتایی هێنان بەكاركردن بە یاسای پێشوو.
• بابەتی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان جیا بكرێتەوە و وەكو هەموو فەرمانبەرانی عێراق مانگانە مووچەی خۆیان وەربگرن، ئەم بابەتە تێكەڵاو نەكرێت لەگەڵ كێشەكانی دیكە و بە سیاسی نەكرێت.
• هەمواركردنی یاسای دادگای باڵای فیدراڵی وەكو ئه‌وه‌ی لە دەستووردا هاتووە و، جێبەجێكردنی.
• پەلەكردن لە جێبەجێكردنی رێككەوتنی شەنگال وەكو بەرنامەی بۆ دیاری كرابوو بەپێی رێككەوتنی حكومەتی فیدراڵ و حكومەتی هەرێم، هەر وەكو لە بەرنامەی ئیدارەی ئیئتلافی دەوڵەت و كارنامەی كابینەی بەرێز محمد شیاع سودانیشدا هاتووە.
• گه‌ڕانه‌وه‌ی بارەگای پارتیمان و هێزە سیاسییەكانی دیكە لە پارێزگاكانی نەینەوا و كەركوك و دیالە بۆ ئەوەی لایەنە سیاسییەكان بە ئازادی چالاكی سیاسی خۆیان ئەنجامبدەن.
4- عێراق و ناوچەكە بە بارودۆخێكی هەستیاردا تێدەپەڕێ لە عێراق قەیران لە دوای قەیران لە سەر یەك كەڵەكەبوون و، لە ڕاستیدا قەیران دەخولقێندرێ بۆ ئەوەی قەیرانێكی دیكەی پێ داپۆشرێ. بۆیە دەتوانین بەڕاشكاوی بڵێین لەم وڵاتەدا چارەسەری قەیران ناكرێ، بەڵكو ئیدارەی قەیران و كێشەكان دەدرێ، بۆیە كوردستانیش لە بارودۆخێكی له‌مشێوه‌یه‌ی عێراق و ناوچەكە بە قۆناغێكی هەستیار و گرنگدا تێدەپەڕێ. لە جیهاندا گۆڕانكاری زۆر و خێرا لە ئارادان كە مەترسی و نیگەرانی بۆ قەوارەی هەرێم و مافەكانی خەڵكی كوردستان لەناو هەناوی ئەو قەیران و كێشانەی عێراق و گۆڕانكاری و پێشهاتەكانی ناوچەكه و جیهاندا هەیە، ئەم بارودۆخە خەمخۆریی پێویستە بۆ پاراستنی یەك پارچەیی قەوارەی هەرێم و دەستكەوتەكانی گەلەكەمان كە بە خوێن و خەبات بەدەست هاتوون، بەرپرسیاریەتی سەرشانی پارتیمان و تەواوی لایەنەكانی دیكەی كوردستان گرانتر دەكات و بارودۆخەكە لێماندەخوازێ بۆ بەرەنگاربوونەوەی قەیران و ئاڵنگاریەكان و چارەسەركردنیان، پێداچوونەوە بە هەنگاو و بەرنامەكاندا بكرێت و بەرپەرچی سیاسەتی دابیننەكردنی مووچە و ئاستەنگ خستنە بەردەم پێشكەوتنی كوردستان بدرێتەوە و دەستوور جێبەجێبكرێت بە مادەی (140)یشەوە.
لە كۆتایدا، جەماوەری تێكۆشەری كوردستان، یەك هەڵوێستی و یەكڕیزی هەموو لایەنە سیاسییەكان بەتایبەتی و خەڵكی كوردستان بەگشتی پێویستە بۆ دەربازبوون لەم قەیران و كێشانەدا بۆ دابینكردنی ژیانێكی شایستە بۆ گشت لایەك لە هەموو ڕوویەكەوە.
هەروەها داوا دەكەین خەڵكی بەشەرەفی كەركوك بە هەموو پێكهاتەكانییەوە پشوودرێژ و ئارام بن، ئەم بابەتانە پێویست دەكات لە رێگای یاسا و دادگاكانەوە چارەسەر بكرێن، ئاڵۆزی دروست نەكرێت و ڕێگا نەدەن تێكدەر و ئاژاوەگێڕ بارودۆخی شارەكە بشێوێنن و، پێكەوەژیان پارێزراوبێت و ئاشتی كۆمەڵایەتی و سەقامگیری لە ئەولەویاتی هەموو كارەكاندا بێت.
مەكتەبی سیاسی
پارتی دیموكراتی كوردستان
٧ـی ئه‌یلولی 2023